بڕیارە لە سەرەتای مانگی یەكەمی ساڵی نوێدا، دەروازە جوانەكەی هەولێر كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر، رێگەی هەولێر- كۆیە و گۆمەسپان بەیەكەوە دەبەستێتەوە و تەواو بێت.
ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی كانوونی یەكەم، كەیفی فارس بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پڕۆژەكە لە كۆمپانیای ئاوزان، بە "وشە"ـی راگەیاند، كاركردن لەو بەشەی بەیەكگەیشتنی ئەو سێ رێگەیە بەردەوامە و كارێكی زۆر كراوە.
زیاتر گوتی، بەهۆی ئەوەی رێگەكە پردێك و ئەندەر پاسێكی سووڕانەوەی تێدایە، پێویستی بە كات هەیە، كاری زۆرمان تێدا كردووە و بەمنزیكانە سایدی هاتوچۆ دەگوازینەوە، بۆ ئەوەی سایدەكەی تر كاری تێدا بكرێت.
روونی كردەوە، پردەكە بەشێكی باشی تەواو بووە، لە مانگی یەكەمی سەرەتای ساڵی نوێ پڕۆژەكە لەو شوێنە تەواو دەبێت و سیمایەكی جیاواز و جوان دەبەخشێت.
جێی باسە ڕێگەی كۆیە- هەولێر بە شادەماری ڕێگەكانی كوردستان دادەنرێت، پڕۆژەیەكی ستراتیجیی ڕێگەوبانە و بەشێكە لە كردنەوەی گرێیەكی مێژوویی كە ئاسەواری شەڕی ناوخۆیش دەسڕێتەوە و دووری نێوان هەولێر-كۆیە دەكاتە 30 خولەك.
شۆڕشی بە دووسایدكردنەی شارەكانی كوردستان و پێكەوەبەستنیان بە باشترین شەقام، لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دەستی پێ كردووە و ساڵی داهاتوو زۆرینەی ڕێگەكان تەواو دەبن.
جێگەی باسە ڕێگەی كۆیە- هەولێر كە بە شادەماری ڕێگەكانی كوردستان دادەنرێت، پڕۆژەیەكی ستراتیجیی ڕێگەوبانی كوردستانە و بەشێكە لە تۆڕی شادەماری ڕێگەوبانی كوردستان، پایتەختی هەرێمی كوردستان دەبەستێتەوە بە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان، لە هەولێریشەوە بەرەو پارێزگای دهۆك، بەبڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 560 ملیار و 446 ملیۆن دینار جووتسایدی هەولێر- كۆیە دەستی پێ كردووە و ئێستە نزیكەی 35%ی كارەكانی تەواو بووە.