ئەمەریكا كەلوپەلی پێشكەوتووی فریاگوزاری و بەخشییە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی

:: AM:10:55:10/12/2025 ‌
كونسوڵخگەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، بە ئامانجی پەرەپێدانی توانای ژیانپارێزی و بەهێزكردنی هەوڵە فریاگوزارییەكان، بڕێك كەلوپەلی پێشكەوتووی فریاگوزاری و چاودێریی پزیشكیی بەخشییە فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی كانوونی یەكەم، لاپەڕەی فەرمیی كۆنسوڵگەی گشتیی ئەمەریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردەوە: لە ڕێوڕەسمێكدا كونسوڵگەی ئەمەریكا، ژمارەیەك ئامێر و پێداویستیی گرنگی خستە بەردەست هێزەكانی زێرەڤانی، كە پێكهاتوون لە كەلوپەلی پێشكەوتووی فریاگوزاریی سەرەتایی و ئامێری تایبەت بە چاودێریی پزیشكی، بۆ چارەسەركردنی بەركەوتووانی كاتی شەڕ، هەروەها چەندان كەرەستەی تایبەت بە مەشق و ڕاهێنان.

كۆنسوڵگەی گشتیی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم هاوكارییانە كە پێشاندەری ئاستی بەرز و داهێنانی تەكنەلۆجیای ئەمەریكین لە بواری پزیشكیدا، ڕۆڵێكی گرنگ دەبینن لە باشتركردنی تواناكانی هێزەكانی زێرەڤانی بۆ پاراستنی ژیانی پێشمەرگە و بەرزكردنەوەی ئاستی وەڵامدانەوەی خێرا لە كاتە هەستیارەكاندا.




وشە - سۆران عەزیز