نێچیرڤان بارزانی لە یادی 73 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە تەواوی ئافرەتانی كوردستان دەكات و دەڵێت، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاكییەكانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دووپات دەكەینەوە، لە پێناو بەدیهێنانی مافەكانیان و بەهێزكردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەكانی بڕیار و بەڕێوەبردندا.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی كانوونی یەكەم، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، لە 73مین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سكرتارییەت و ئەندامانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و تەواوی ئافرەتانی كوردستان دەكەم.
دەشڵێت، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، وەك قوتابخانەیەكی گەورەی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن، مێژوویەكی پڕ لە سەروەریی هەیە. ئەم ڕێكخراوە تێكۆشەرە كە لەسەر بنەمای بیر و تێڕوانینی ڕێبازی بارزانیی نەمر دامەزراوە، هەمیشە بەشێكی دانەبڕاو و هاوبەشێكی كارای خەباتی نیشتمانی، هاوكات پێشەنگی خەباتی مەدەنی و كۆمەڵایەتی بووە.
دەشڵێت، لە ڕۆژانی سەختی شۆڕشدا، ئافرەتانی كوردستان نموونەی باڵای خۆڕاگری و قوربانیدان بوون، ئەمڕۆش لە قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێداندا، ڕۆڵێكی كارا و كاریگەر لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی كۆمەڵگەدا دەگێڕن. ئافرەتانی كوردستان سەلماندوویانە كە كۆڵەكەی سەرەكیی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و پێشكەوتوون.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت، لەم یادەدا پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاكییەكانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دووپات دەكەینەوە، لە پێناو بەدیھێنانی مافەكانیان و بەھێزكردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەكانی بڕیار و بەڕێوەبردندا. بڕوای تەواومان ھەیە كە بەبێ بەشداریی كارای ئافرەتان، كۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەكی گەشتر ھەنگاو بنێت.