سەرۆك بارزانی پەیامێكی بەبۆنەی 73مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بڵاو كردەوە و دەڵێت، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دەستكەوتێكی گرنگی خەباتی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی كانوونی یەكەم، لە پەیامێكی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بە بۆنەی 73مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوە و هەموو ئەندامانی رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان و سەرجەم ئافرەتانی كوردستان دەكەم.
دەشڵێت، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، دەستكەوتێكی گرنگی خەباتی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانە كە ڕۆڵێكی بەرچاو و كاریگەری هەبووە لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری، پاراستنی مافەكانی ئافرەتان و بەهێزكردنی پێگەی ئافرەتی كورد. ئەم ڕێكخراوە بە تێكۆشانی بەردەوامی خۆی توانیویەتی دەنگی ئافرەتانی كوردستان بگەیەنێت و بەشێكی گرنگ بێت لە خەباتی نەتەوەیی و مەدەنیی گەلی كوردستان.
سەرۆك لە پەیامەكەیدا دەڵێت، لەو یادەدا پێزانینم هەیە بۆ خەبات و قوربانیدانی ئافرەتانی كوردستان و ئەو ئەركەی كە لە قۆناغەكانی خەباتی گەلی كوردستان لەسەر شانیان بووە.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، دڵنیام یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەر وەك قۆناغەكانی پێشتری خەباتی خۆی، لە داهاتووشدا لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ماف و داخوازییەكانی ئافرەتان ڕۆڵی پێشەنگانە دەگێڕێت.