بەهۆی مەترسیی لافاوەوە شارەوانیی سلێمانی، رێنوێنیی نوێ بۆ دروستكردنی خانوو بڵاو دەكاتەوە، داوا دەكات لە كاتی كردنەوەی هەر خانوویەكدا پێویستە بناغەكەی نیو مەتر بەرز بێت.
لافاوەكەی ئەمجارەی كوردستان بارودۆخی خانووكردن دەگۆڕێت و پێویستە حكوومەت ئەو بابەتە بەهەند وەربگرێت، كە كوێ بۆ دروستكردنی خانوو و ماڵی هاووڵاتییان باشە و چۆن رێگریی لەو زیانانە دەكرێت كە جارێكی تر دووبارە نەبنەوە.
سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لەمبارەیەوە رای گەیاند، رێنوێنیی نوێیان بە گەڕەكە نوێیەكان و ئەو شوێنانە داوە كە خانووی نوێی لێ دروست دەكرێت.
لەیلا عومەر باسی لەوەش كرد، رێنوێنییەكە ئەوەیە دەبێت لەمەودوا بناغەی خانوو نیومەتر بەرز بێت، چونكە بینیمان بەهۆی نزمیی بناغەی خانووەكانەوە ئاو دەچێتە ناو ماڵەكان.
شارەزایانی بیناسازی دەڵێن: بەهۆی گەشەی خێرای شارەكانی هەرێمی كوردستان، زۆر گەڕەك لەسەر كەند و رێڕەوییە ئاوییەكان دروست كراون، ئەمەش مەترسیی لافاو و كارەساتی سورشتیان بەردەوام لەسەر دەبێت، بۆیە پێویستە شارەوانییەكان چیتر ئەو هەڵەیەی پێشوو دووبارە نەكەنەوە، لە شوێنی گونجاودا رێگە بدەن هاووڵاتییان خانوو دروست بكەن.
شارەوانیی سلێمانی ڕێنوێنییەكی گرنگ دەداتە ئەو هاونیشتمانییانەی لە گەڕەكە تازەكان خانوو دروست دەكەن و داوا دەكات: "خانووەكانتان زیاتر لە نیو مەتر لە سەرووی ئاستی شەقامە نوێیەكانەوە دروست بكەن، چونكە دواتر كە شەقامەكە قیرتاو دەكرێت، ئاستەكەی بەرز دەبێتەوە و ئەگەر خانوو نزم بێت، تووشی گرفت دەبن، ئەوەی بینیمان لەم چەند رۆژەدا بەشێكی زۆری بەهۆی ئەوەی خانووەكان نزمترن لە شەقامەكان، ئاو راستەوخۆ چووە ناو ماڵەكانەوە و زیانی گیانی مادی زۆری دا.