"پارەی ڤێلا 50 دەفتەرییەکەی "شنیار" بدەن بە خەڵکی چەمچەماڵ"

:: AM:09:24:12/12/2025 ‌
ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی شارۆكەی چەمچەماڵ، لە نامەیەکدا بۆ قوباد تاڵەبانی ڕای دەگەیەنن، ئەوان قوربانیی دەستی سیاسەتی ئەو و حزبەکەیەتی و داوا دەکەن سووکایەتییان پێ نەکرێت و کەسانی "بەدڕەوشت" تێکەڵ بە ئازارەکانیان نەکرێن.

کۆمەڵێک لە لێقەوماوانی چەمچەماڵ نامەیەکیان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کردووە و تێیدا هاتووە، ئەوەی بەسەر خەڵکی چەمچەماڵدا هات، بەهۆی خراپیی ئیدارەدانی خۆت و حزبەکەت بووە، سەرەڕای ئەوەی ئێمە بێدەنگین، هێشتا ئێوە هەوڵ دەدەن سووکمان بکەن.

لە نامەکەدا بە توندی ڕەخنە لەوە گیراوە کە کەسانی وەک (شنیار ئەنوەر) بکرێنە دەمڕاست یان تێکەڵ بە دۆخی لێقەوماوان بکرێن و دەڵێن، تکات لێ دەکەن کەسانی بەدڕەوشت و لەشفرۆش تێکەڵ بە ماڵوێرانیی ئێمە مەکەن و نامانەوێت بە فیتی بەڕێزتان موزایەدە بە ئازارەکانی خەڵکەوە بکەن.

لێقەوماوانی چەمچەماڵ ئاشکرایان کردووە، ماڵی شەهید (مامە ڕیشە) و دەیان کەسوکاری شەهیدی یەکێتی لە چەمچەماڵ بەر لافاو کەوتوون و هیچ شتێکیان نەماوە، بەڵام حزبەکەی خۆیان ئاوڕی لێ نەداونەتەوە و نووسیویانە: تەنانەت نیشتیمان خانی خێزانی مامە ڕیشە، دوو ڕۆژە ڕێکخراوەکانی پارتی هاوکاریی دەکەن.

لە بەشێکی تری نامەکەدا ئاماژە بە بەهەدەردانی پارەی سلێمانی کراوە بۆ کەسانی تایبەت و ڕووەو قوباد تاڵەبانی دەڵێن، بەڕێزتان ڤێلای 50 دەفتەر دۆلاری لە سلێمانی بۆ شنیار ئەنوەر دەکرن، بەڵام ئامادە نین خانوویەک بۆ نیشتیمان خانی خێزانی مامە ڕیشە بکڕن.

لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە، ئەو پارەیەی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی لە کەسانی وەک شنیار و هاوشێوەکانی خەرجی دەکەن، "ئەگەر لە چەمچەماڵ خەرج بکرایە، چارەسەری نیوەی مەینەتیی لێقەوماوان و زیانلێکەوتووانی دەکرد".


وشە - پۆڵا مەحموود