باران و بەفر بەردەوام دەبێت... کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە دیاری کرا

:: PM:02:23:12/12/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، بارانبارین بەردەوام دەبێت و سبەی شەو کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ هەینی 12ی کانوونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان.

سەبارەت بە پلەکانی گەرما، ئاماژە بەوە دراوە کە بە بەراورد بە دوێنێ، یەک تا دوو پلە نزم دەبێتەوە.

لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەموو 13/12/2025، کەشناسی ڕوونی کردووەتەوە کە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، بارینی نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت و لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە کاتەکانی شەوی شەموودا کۆتایی بێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبێت:

هەولێر: 13 پلە

سلێمانی: 13 پلە

دهۆک: 14 پلە

زاخۆ: 14 پلە

کەرکووک: 15 پلە

هەڵەبجە: 13 پلە

سۆران: هەشت پلە

ئاکرێ: 13 پلە

ئامێدی: 10 پلە

گەرمیان: 15 پلە


وشە - پۆڵا مەحموود