چاودێرێکی سیاسی: با شنیار لە داهاتی دزیی چەمچەماڵ هاوکاریی لێقەوماوان بکات

:: PM:03:29:12/12/2025 ‌
هاووڵاتییانی چەمچەماڵ دەڵێن، شنیار ئەنوەر و هاوشێوەکانی جگە لە قسەی پووچ هیچیان لەدەست نایەت، بەڵام ئارین بارزانی لە ڕێی ڕێکخراوەکانەوە بە هانای داواکارییەکانمانەوە هاتووە. کاری گەورە بە کەسی گەورە دەکرێت، نەك بە خۆفرۆشانی هاوشێوەی شنیار.

لەوبارەیەوە حوسێن مام ئەنوەر، چاودێری سیاسی لە چەمچەماڵەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شنیار ئەنوەر ئەوە نییە کە وەڵام بدرێتەوە، چونکە هێندە بێزراوە، قسەکانی وەک خۆی بۆنی ناخۆشیان لێ دێت، بەڵام هەندێک جار پێویستە دەمکووت بکرێت. بەڕاستی ئێمە لەناو ڕووداوەکەی چەمچەماڵین و دەزانین چی دەگوزەرێت و کێن ئەوانەی بە هانای ئەم شارەوە هاتوون.

ئەو چاودێرە گوتی، ئێمە دەزانین ژانی شنیار ئەوەیە، بەرانبەر لێقەوماوانی چەمچەماڵ تەنیا دەستەوەستان وەستاون، لە بەرانبەردا ئەرکی ئیدارەدان و ڕێکخستنی ڕێکخراوەکان و دابەشکاریی گەڕەکەکان، بە ڕێکخراو و ئۆرگانەکانی پارتی سپێردراوە کە هاوکارییەکانیان بگەیەنن بە لێقەوماوان.

حوسێن مام ئەنوەر دەڵێت، بێ زەحمەت شنیار پێمان ناڵێت دزی و تاڵانیی سامانی ژێر زەوی و سەرزەویی ئەم سنوورە نەما نەیبەن؟ ئەی بۆ نایەن لەو پارە دزراوە هاوکارییەکی ئەو خەڵکە بکەن؟ ڕووتان هەیە بێنەوە چەمچەماڵ؟ دەزانن ئارین بارزانی و کوردستان فاوندەیشن، سێ ڕۆژە بێ وچان ماڵ بە ماڵی ئەم شارە دەگەڕێن و هاوکارییان دەکەن.

هەروەها گوتی، باشە ئێوە چەرمی ڕووتان لە چ پێستێکە وا هیچ شیرێک نایبڕێت؟ دێن و قسەی لە خۆتان زۆر گەورەتر دەکەن؟ هەموو توانای ئێوە لەم ڕووداوە، دروستکردنی كەمپینە لە 'کوردسات' بۆ کۆکردنەوەی جلوبەرگ و دۆشەکە کۆنە بۆ خەڵکی چەمچەماڵ، بۆیە شنیار با لەم کاتانەدا خۆی دەرنەخات و لێ گەڕێن پیاوە گەورەکانی نیشتمان ئەو کارە گەورەیە بگرنە ئەستۆ، چونکە ئیشی فەیسبووکچی و خۆفرۆش نییە.

لە کۆتاییدا گوتی، لەو داهاتەی ڕۆژانە لە چەمچەماڵ دەستتان دەکەوێت، بەشێکی بگەڕێننەوە بۆ شارەکە کێشەمان نامێنێت، بە ڕاستی هەقە شنیار وەک سەرکردەکانیان بێدەنگی هەڵبژێرێت باشترە.

هەڵەبجە – عەزیز هەورامانی


وشە - پۆڵا مەحموود