دەزگای خێرخوازیی بارزانی پیرۆزبایی لە دکتۆر بەرهەم ساڵح دەکات بەبۆنەی دیاریکردنی وەک کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، هیوایشی خواست هاوکار بێت لە باشترکردنی دۆخی ئاوەرە و پەنابەرەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەمڕۆ هەینی 12ی کانوونی یەکەم، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی لە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح دەکات بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و بە "کەسێکی شایستە" بۆ ئەو بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییە وەسفی دەکات.
دەزگاکە کە ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکگرتووەکانە (ECOSOC)، لە پەیامەکەدا ئاماژەی بە دۆخی سەختی مرۆیی لە ناوچەکە کردووە و دەڵێت: "ئومێدەوارین لە داهاتوودا، د. بەرهەم هاوکار و پشتیوان بێت بۆ باشترکردنی ڕەوش و گوزەرانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەتایبەتیش لەم کاتەدا کە هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پەنابەران کەمیکردووە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، ئاماری وردی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو، کە تێیدا هاتووە: "تا ئێستایش نزیکەی 700 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین، کە پتر لە 280 هەزاریان پەنابەرن، ئەمەش ئەرکی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی قورستر کردووە."
لە کۆتایی پەیامەکەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی خوازیاری ئەوەیە کە ئەزموونی ڕابردووی د. بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێراق و تێگەیشتنی بۆ گرفتەکان، ببێتە هۆی ئەوەی بەیەکەوە کار بۆ باشترکردنی دۆخی پەنابەران بکەن.