پلەكانی گەرما بۆ ئاستی پلەی بەستن دادەبەزن و بارانیش بەردەوام دەبێت

:: AM:09:31:15/12/2025 ‌
شەپۆلێكی بەفر و باران بەڕێوەیە، لەمڕۆشەوە سەرمای توند و ڕوو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و پلەكانی گەرما بۆ ئاستی بەستن دادەبەزن.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا، شەپۆلێكی سەرمای توند لە ئێوارەی ئەمڕۆ 15ی كانوونی یەكەم ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات، پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی، واتا بۆ ئاستی بەستن دادەبەزن و زوقم و شەختە دروست دەبێت، كاریگەریی شەپۆلەكەش تا كۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.

لەبارەی شەپۆلی بارانبارینەوە، شاڵاو هیدایەت رای گەیاند: لە سبەینێ سێشەمەوە شەپۆلێكی تری بارانبارین ڕوو لە هەریمی كوردستان دەكات و لە زۆربەی ناوچەكان باران دەبارێت، بەڵام توندی و بەهێزیی شەپۆلەكە هاوشێوەی شەپۆلی چەند ڕۆژی ڕابردوو نابێت.

 گوتیشی لە كۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو، شەپۆلی پڕبارانی تر بەڕێوەیە كە بارانی باشی بۆ هەموو ناوچەكان لەخۆ گرتووە، هەروەها زستان شەپۆلی توندتری لە شەپۆلی چەند رۆژی ڕابردوو لەخۆ گرتووە كە دەبنەوە هۆی دروستبوونی لافاو، بەتایبەت لە هەولێر و كەركووك و گەرمیان، بۆیە پێویستە ئامادەكاریی بۆ بەرگرتن بە زۆری زیانەكان بكرێت.

لەبارەی بەفربارینیشەوە شاڵاو هیدایەت گوتی، لە یەكەمین مانگ و دووەمین مانگی زستاندا واتا مانگەكانی 1 و 2 شەپۆلی بەفربارینی باش هەیە و ناوەندی بەشێك لە شارەكانیش دەگرێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز