شارەوانیی سلێمانی رای گەیاند، زیان گەیەنراوە بە هێما و رێنیشاندەرەكانی شاڕێی بابان كە بە شەقامی 100 مەتری ناسراوە. ئەنجامدەرانی رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە و بەرپرسیارێتی هەر ڕووداوێكی هاتوچۆیان لە ئەستۆیە.
هێشتا شەقامی 100 مەتریی سلێمانی تەواو نەكراوە و بەشێكی ماوەتەوە، بەڵام ئەو بەشەشی تێكدراوە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی هەڕەشە لە تێكدەران دەكات.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی شارەوانی، بەشێك لە هێما و رێنوێنییەكانی هاتوچۆی سەرەتای 25 كیلۆمەتری شەقامی 100 مەتری شكێنراون و بڕاونەتەوە، بەشێكی تریشی دزراون.
شارەوانی دەڵێ، ئەم پێداویستییانە بۆ پاراستنی سەلامەتیی شۆفێران و سەرنشینان دانراون و لەلایەن جێبەجێكاری پڕۆژەكەوە دامەزراون.
شارەوانیی سلێمانی هۆشداریی دەدات، ئەنجامدەرانی رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە و بەرپرسیارێتی هەر رووداوێكی هاتوچۆ لەو ناوچانە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی زیان بە هێماكان دەگەیەنن.
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، درێژییەكەی 34 كیلۆمەترە، حەوت یەكتربڕ و پێنج ئەندەرپاس و یەك ئۆڤەرپاسی تێدایە.
بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، هەرچەندە كاتی كردنەوەی تەواوی شەقامی 100 مەتری بە فەرمی دەكەوێتە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو، بەڵام بەهۆی داواكاری زۆری هاووڵاتییان و بەمەبەستی كەمكردنەوەی لۆدی ترافیك و قەرەباڵغی شەقامەكە بەتایبەت بۆ بارهەڵگرەكان، سەرۆكایەتیی شارەوانیبەشێكی شەقامەكەی كردەوە.
لە كۆتایشدا شارەوانی سلێمانی ئاشكرای كردووە: كاركردن و جێبەجێكردنی بڕگەكانی تری پڕۆژەكە لە سەرجەم سێكتەر و قۆناغەكانی تری شەقامەكە بەسەرپەرشتیی فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری و لە لایەن كۆمپانیای جێبەجێكار بەردەوامی دەبێت تاوەكو تەواوكردنی سەرجەم بڕگەكان و كردنەوەی بە فەرمی.