ئەمڕۆ كۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پیرمام بەڕێوەچوو. لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە هیچ راگەیەنراوێكی فەرمی بڵاو نەكرایەوە.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، پارتی و یەكێتی گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێكی پێوەندیدار بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان و حكوومەتی عێراق كردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار، بە "وشە"ی گوت، شاندی یەكێتی جیاواز لە جاران گفتوگۆیان لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان كردووە، تێگەیشتوون كە دۆخەكە بەراورد پێش هەڵبژاردنی عێراق گۆڕاوە.
سەرچاوەكە دەڵێ، هەردوولا بە نەرمی گفتوگۆیان لەسەر داواكارییەكان كردووە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان، بەڵام یەكێتی زیاتر پەلەی بووە بۆ گفتوگۆ لەسەر پۆستەكانی بەغدا.
بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوەیە، یەكێتی داوای پاڵپشتیی پارتی كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، بە دەقیق سەرۆكی شاندەكە گوتوویەتی، "حەزمان لێیە پۆستی سەرۆك كۆمار هەر لای یەكێتی بێت".
هیچ وەڵامێكی كۆتایی لە پارتی لەسەر داواكردنی پاڵپشتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی وەرنەگیراوە، ئەوەیش شاندەكەی دوودڵ كردووە.
"وشە" چەندان زانیاریی تری لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە دەست كەوتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا پشتڕاست نەكراونەتەوە، بڵاو ناكرێتەوە.