بڕیارە ئەمڕۆ كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی، بۆ گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێك كۆ ببێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی كانوونی یەكەم، لە پیرمام كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆ دەبێتەوە.
بابەتی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێ بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، تاوتوێكردنی میكانیزمەكانی دەستپێكردنی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵ، دیاریكردنی ئەو بنەمایانەی كە پارتی لە دانوستانەكاندا كاری لەسەر دەكات.
بەشێكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ دەبێت لەبارەی كارنامەی پارتی لە بەغدا، گفتوگۆكردن لەسەر ئەو كارنامە سیاسی و بەرنامەیەی كە پارتی وەك كاری پێشینە (ئەولەویەت) دەیخاتە بەردەم حكوومەتی داهاتووی عێراق، كە بریتییە لە جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا لەبارەی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵسەنگاندنی پێوەندییەكان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی تر، داڕشتنی ستراتیجێكی نوێ بۆ گفتوگۆكان، بەتایبەت كە پارتی پێی وایە قۆناغێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و دەبێت دانوستانەكان لەسەر بنەمای نوێ دەست پێ بكەنەوە.