رۆشنبیرێكی كورد داوا دەكات كاكە حەمە ببێتە سەرۆك كۆمار

:: PM:05:26:18/12/2025 ‌
رۆشنبیرێكی كورد لە پۆستێكی فەیسبووكدا داوا دەكات كە محەمەد حاجی مەحموود سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بكرێتە سەرۆك كۆماری عێراق. 

پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق وەك هەموو خولەكانی تری پێشوو، كێشەی لەسەرە، پۆستەكە پشكی كوردە، بەڵام لەناو كورددا هێشتا كەس یەكلا نەكراوەتەوە و هەریەكە لە پارتی و یەكێتی بە پشكی خۆیانی دەزانن. 

بەدران حەبیب رۆشنبیری كورد، لە واڵی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، "من لەو باوەڕەدام كاكە حەمەی حاجی مەحموود شیاوترین كەس بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، جگەلەوە باشترین نوێنەرایەتیی كوردستانیش دەكات".

"تكایە كەس نەیكات بە مایەی تیر و توانج، ئەوەی زووتر چووە، مام جەلالی لێ دەرچێ، كەسی بە وشەیەكیش بێت كەڵكی بۆ كوردستان نەبووە، فەرموون سەیری مووچەی كارمەندانی كوردستان بكەن، فەرموون سەیری ناوچەی كێشەدار و جێ ململانە بكەن، كەسیان وشەیەكی بۆ ئەم پرسە گرینگانە نەكردووە" ئەو رۆشنبیرەی كورد وای نووسیوە.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هیچ یەكێك لە بەرپرسانی ئەو لایەنانەی عێراق، كە ئەمڕۆ رێشمەی بەڕێوەبردنی وڵاتیان لە ملی خۆیان ئاڵاندووە، سەت یەكی كاكە حەمە خەباتی نەبووە و قوربانیی نەداوە.

لە هەمان پۆستدا، بەشێكی زۆری لە نووسەران و رۆشنبیران سەرباری پشتگیری خۆیان بۆ ئەو بۆچوونەی بەدران حەبیب رای خۆیان نووسیوە. فەهمی كاكەیی زمانناس و پەروەردەكاری ناسراوی كورد نووسیویەتی، خۆی نایەوێ‌، ئەگینا منیش لەگەڵ ئەوەدام دەسەڵاتی سیاسی پشتگیری بکات، گرنگە.

 


محەمەدی حاجی مەحموود
محەمەدی حاجی مەحموود لە دایكبووی 26ی حوزەیرانی ساڵی 1953 ناسراو بە كاكە حەمە، سكرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە و وەزیر و ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بوو.

لە ساڵی 1981 دەبێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە پاشان دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە دواتریش وەك سكرتێری گشتی حزب ھەڵدەبژێردرێت.

پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی كوردستان ھەیە و بەدرێژایی شۆڕش و تا ئێستەش ڕۆڵی لەنێو ھاوكێشە و نەخشەی سیاسی و كوردستاندا ھەبووە و ھەیە.

خاوەنی نۆ كتێب و نامیلكەیە كە گرنگترینیان (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەك) كە لە چوار بەرگ پێكھاتووە و لەكاتی خۆیدا بووە مایەی مشتومڕی نێوەندی سیاسی بوو. كاكە حەمە جگە لە بوونی وەك كەسیاتییەكی سیاسی و گرنگی ناوچەكە لە دوای شەڕی داعشەوە فەرماندەی میحوەری كەركووك بوو و بەردەوام ئامادەیی لە ھەموو ڕووداوە ھەستیارەكانی پرسی كوردا ھەبوو.

محەممەد حاجی مەحموود سێ هاوسەری هەیە و شەش كچ بە ناوەكانی (عتیە، كوێستان، شەرام، شارا، ڕێژین و كوردستان) و لەگەڵ سێ كوڕ بە ناوەكانی (ڕێبین، ئاریان، ئارین) و دوو كوڕیشی بەناوەكانی (عەتا و پشتیوان) شەھیدن.

محەممەد حاجی مەحموود سەرەڕای كاری سیاسی لە گوندەكەی خۆیدا "گوڵەخانە" خەریكی كاری جوتیارییە و جوتیاری بەشێكە لە ژیانی، ناوبەناو لەوێ‌ مانۆڕی سەربازیش دەكات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم