دوای ئەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی رفاندنی میران بەكر، راگەیاندنكاری حزبەكەیان رای گەیاند، لەژێر كاریگەری خواردنەوەی كحولی پەلاماری پاسەوانی بارەگای یەكێتی داوە، میران بەكر وەڵامی دایەوە.
میران بەكر پاڵانی راگەیاندنكاری یەكێتی و كادری باڵا، وەك خۆی بڵاوی كردەوە، شەوی هەینی/شەموو 20ی كانوونی یەكەم، سەعات 11 و نیوی شەو لەلای گەڕەكی شەهیدانی یەكێتی لە هەولێر كە دەكەوێتە پشت بارەگای مەكتەبی سیاسیی حزبەكە، هێرشی كراوەتە سەر و دوای ئەوەی توورەگەیان لەسەر كردووە، سێ سەعات بە لێدان و بۆكس لە شوێنی نادیار بێسەروشوێنیان كردووە.
دوای هەموو كاردانەوەكان لەسەر ئەو رووداوە، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە میران بەكر سەرخۆش بووە و لەژێر كاریگەری خواردنەوەی كحولی پەلاماری پاسەوانی مەكتەبی سیاسیی داوە.
لای خۆیەوە میران بەكر لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاند، ئەم بەیاننامەی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەریانكردووە، ئازاری زیاترە لە لێدانەكە.
"من لە هەناوی میدیایی گەورەبووم، تێدەگەم ئەگەر یەك تۆزقاڵ خراپی و بەڵگەیەكی خراپیان لەسەر من هەبووایە، بە بێ دوو دڵی دنیایان تێدەگەیاند، بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، دەڵێن: سەرخۆش بووە" میران بەكر وای نووسیوە.
هەروەها دەڵێ، نازانم چ دەبەنگ و بێ عەقلێك، ئەو بەیت و بالۆرەی نووسیوە، ئاخر، گریمان بێ هۆش بووم، دەبێ توورەگەم بخرێتەسەر؟ یان بە سێ چوار سەیارە و دەیان چەكدار لێم بدەن، یان كەلەپچە بكرێم؟ دوایی كەی ئیشی ئاسایش و ئۆپەراسیۆنە، تەدەخولی كاری وەها بكەن؟.
لە كۆتایشدا دەڵێ، باشبوو، نەیانگۆت، دوو كیلۆ مادەی هۆشبەریشی پێ بوو.