پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەی دوو لیژنەی بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بەجیا پێكهێناوە، هاوكات بڕیارێكی تر كەوتووەتە واری جێبەجێ كردن كە "خاترانە و دڵڕاگرتنی هیچ لایەنێك نەمێنێت".
ئەمڕۆ شەموو، 20ی كانوونی یەكەم، د. ئەشواق جاف ئەندامی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، بەردەوام پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێناو بڕیاری سیاسی و یەكڕیزی قوربانی داوە و پۆستەكانی دابەش كردووە.
ڕوونیشی كردەوە، بڕیاری ئەمجارەی پارتی ئەوەیە كە بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن حكوومەت پێكبهێنرێ، ئەوە لە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتی لەسەر كرایەوە كە زەمینەی پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان دوای هەڵبژاردن دەگۆڕدرێ.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پارتی بڕیارێكی داوە كە ئیتر "دڵڕاگرتن و خاترانە" لە پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكاندا نەمێنێ، بەڵكو هەر لایەنە و بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردنی بەشداری حكوومەتی پێ بكرێ.
"وشە" لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو پارتی پرسی، ئەو بڕیارە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان و عێراقە، لە وەڵامدا گوتی، بەڵێ، لەماوەی رابردوودا پارتی خاتری زۆرێك لە حزبەكانی لە كوردستان و عێراق دەگرت، بەڵام ئەوە نەما.