سبەی دەست بە قەرەبووكردنەوەی هەزار و 302 ماڵی چەمچەماڵ دەكرێت

:: PM:03:00:21/12/2025 ‌
سەرۆكی لیژنەی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ رای گەیاند، سبەی دەست بە دابەشكردنی ئەو پارەیە دەكەن كە لە بانكی چەرمۆ بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی چەمچەماڵ كۆ كراوەتەوە. 

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی كانوونی یەكەم، د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان كە هاوكات كراوەتە سەرۆكی لیژنەی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ، بە "وشە"ی گوت، لە دوو رۆژی داهاتوودا كۆی ئەو ماڵانەی كە زیانیان بەركەوتووە، هەزار و 302 ماڵن و قەرەبوو بكرێنەوە، بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی كە كراون و سەرجەمیان قەرەبوو دەكرێنەوە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە پارەكە لە ڕێگەی چەكی بانكییەوە خەرج دەكرێت، پێشتر بەشێوەیەكی ورد زیانەكان تۆمار كراون، ئەوەی تر كە دەمێنێتەوە بۆ قۆناغی دواتر، بریتین لە دوكان و كۆگەكان و شوێنی بازرگانی. 

سەرۆكی لیژنەی فریاگوزاری و بووژاندنەوەی چەمچەماڵ روونیشی كردەوە، لیژنەی فریاگوزاری بەرپرسە لەو پارەیەی كۆ كراوەتەوە، بەڵام قۆناغەكانی تر بەدڵنیاییەوە پێش كۆتاهاتنی ئەمساڵ دەبێت. 

لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا گوتی، ئەو هاوكاری و كۆمەكە هەنگاوێكی گرنگە بۆ خەڵكی چەمچەماڵ دەتوانێ‌ تا ئاستێك زیانە مادییەكانیان قەرەبوو بكاتەوە. 

ڕۆژی نۆی كانوونی یەكەمی ساڵی 2025، لافاوێكی بەهێز سنووری چەمچەماڵی گرتەوە كە بەهۆیەوە، دوو كەس خنكان و زیاتر لە شەش كەسیش رەوانەی نەخۆشخانەكان كران، ئەوە جیا لەوەی كە زیانێكی زۆری مادی بەر هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەت كەوت. 

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، هەرزوو هاتە سەر هێڵ و فەرمانگە پێوەندیدارەكانی راسپارد، بە خێرایی كار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوە و ئاساییبوونەوەی چەمچەماڵ. 

لە پاڵ حكوومەتدا، هەریەك لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كوردستان فاوەندەیشن و دەزگای روانگە، فریای خەڵكی سنوورەكە كەوتن.

 



وشە - وشه‌