ئەمڕۆ سێشەم 23ی كانوونی یەكەم لە پیرمام، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە محەمەد حەسسان نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی نێردەی یۆنامی لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی نێردەی یۆنامی لە عێراق، بە بۆنەی كۆتاهاتنی ئەركەكەی و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، سوپاس و پێزانینی خۆی پێشان دا لەو پاڵپشتییە بەردەوامانەی سەرۆك بارزانی بۆی هەبووە لە پێناو سەرخستن و پێشڤەچوونی ئەركەكانی لە عێراقدا.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی نێردەی تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ ئەو هەوڵانەی كە داویانە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان لە عێراق، پشتگیرییان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و پێكهاتەكانی عێراق، لە پێناو دەستەبەركردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عێراق. هەروەها هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا.