وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پشووی سەری ساڵی نوێ، 17 بڕیار و ڕێنوێنیی دەرکرد و دەوامکردنی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی بە شێوەی ئێشکگری (خەفەر) سەپاند.
ئەمڕۆ سێشەم 23ی کانوونی یەکەم، وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەنراوێکدا پلانی تایبەتی بۆ ڕۆژانی پشووی سەری ساڵی 2026 خستە ڕوو. لە پلانەکەدا هاتووە، وێڕای پیرۆزبایی لە پزیشکان و کارمەندان، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی گشتی، نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەکان ڕاسپێردراون کە دەوامی ئێشکگرییان هەبێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ئەم 17 بڕیارە دەبێت جێبەجێ بکرێن:
دانانی لیژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و نەخۆشخانەکان.
بۆ هەر کارێکی پێویست و لەناکاو، دەبێت هێڵی گەرمی پێوەندی هەبێت.
لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان، پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان کراوە بن.
پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ، نیشتەجێی دێرین، خولاو، پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.
هاتنەژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنیا لە ڕێگەی هاوئاهەنگی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەبێت.
ئاماری ڕۆژانە دەبێت لە ماوەی 24 سەعاتدا لە ڕێگەی پێوەندیی مۆبایلەوە لە هەشتی بەیانی تا هەشتی بەیانیی ڕۆژی دواتر، ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بکرێت.
ڕۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت.
ئامادەباشی بۆ ئەمبوڵانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک بکرێت.
هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و وەرگر (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.
نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوە بن و زانیاریی نەخۆش تۆمار بکرێت.
سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بن.
بانکی خوێن و خزمەتگوزاریی دابینکردنی خوێن، پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بن.
سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بن.
تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان بە شێوەی 24 سەعاتی، هەروەها هۆبەی پزیشکیی فریاکەوتن تیم بۆ شوێنە گەشتیارییەکان دابین دەکات.
تیمەکانی پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان.
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.