شێوازی وەرگرتنی سەرانە لە بازگە لاوەكییەكانی پێنجوێن گۆڕا

:: PM:03:43:24/12/2025 ‌
"وشە" لە ڕێگەی سەرچاوە تایبەتەكانی دەستی كرد بە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر بوونی چەكدارانی پەكەكە لە مەرزە لاوەكییەكانی سەربە پێنجوێن، دەركەوت كە بازگەیان داناوە و سەرانە وەردەگرن، لە وڵاخدارەكان هەر بارە و بەهایەكیان لەسەر داناوە.

كاسبكارانی مەرزە لاوەكییە قاچاخچییەكان، بۆ "وشە" قسەیان كرد، باس لەوە دەكەن پەكەكە لە هەر مەرزێك مەفرەزەیەكی تایبەتی چەكدارانی داناوە، بە ناوی بازگەی گومركی، دەزگاكانی تەناهیی سنوورەكە نەك ڕێگرییان لێ ناكەن، كارئاسانیشیان بۆ دەكەن.

یەكێك لە وڵاخدارەكان لە گوندی "شیوە گێزان" زانیاری بە "وشە" دا و گوتی، لێرە چەكدارانی پەكەكە زۆر بە ئاشكرا بوونیان هەیە و سەرانە وەردەگرن لێمان، لە كاتێكدا دەڕۆینە مەرز بۆ باركردنی ئەو كاڵایانەی لەلایەن بازرگانەكانەوە هاتووە و بۆ دیوی ئێرانی دەبەین.

هاوكات لە مەرزی "هەنگەژان" ئێستە چەكدارانی پەكەكە بە وەسڵ پارە وەرناگرن، واتسئەپیان هەیە كاتێك تۆ بارێك بار دەكەی، ئەوە لە واتسئەپەكەوە دەنگت ڕیكۆرد دەكرێ دەڵێ فڵان كەسم و باری فڵان بازرگان ئەوە كاڵاكەمە، مێژوو و ڕۆژەكە دەڵێ، ئیتر مانگانە پێت دەڵێن ئەوەندە پارەت لایە و لێت وەردەگرن.

بەپێی قسەی سەرچاوەكەی، بەهۆی ئەوەی وەسڵ دزەی دەكرد، ئێستە وەسڵكردن نەماوە، تەنیا ئەو دەنگە ماوە تۆ لە واتسئەپی ئەوان بەجێ دەهێڵی، بۆ باری كحوول 75 هەزار دیناری عێراقی گومرگی هەیە، بۆ قوماش 50 هەزار دینار، بۆ گوێز 25 هەزار دینار، هەر كاڵا و بڕێك لە گومرگیان لەسەر داناوە.

زیاتر زانیاریی دا، مانگی وا هەیە تەنیا یەك بازرگان سێ بۆ چوار ملیۆن دینار گومرگ بە بازگەكانی پەكەكە دەدات، جاری واش هەیە وەرگرتنی گومرگ وەك خۆیان دەڵێن و ئێمەیش دەڵێین، سەرانە پێش دەخەن.

لە پێنجوێن پەكەكە بڵاوەبوونیان هەیە و لە هەموو ئەو مەرزانەی قاچاخیی تێدا دەكرێت، بازگەیان داناوە بەشێوەی مەفرەزەی سێ كەسی سەرانە وەردەگرن.



وشە - وشه‌