هەفتەی داهاتوو شەپۆلێكی بەفربارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بەپێی پێشبینییەكان بەفر لە بەشێكی زۆری سەنتەری شارەكان دەبارێت و بۆ هەولێریش تا بەرزاییەكانی كەسنەزان بەفر دەبارێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی كانوونی یەكەم، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە كۆتایی هەفتەی داهاتوو، لە رۆژانی 30 و 31ی كانوونی یەكەمی 2025، شەپۆلێكی چڕی بەفربارین بەڕێوەیە و ئەگەر هەیە لە سەنتەری هەندێك لە شارە گەورەكانی هەرێمی كوردستان بەفر ببارێت.
زیاتر گوتی، ئەگەر بارستەهەوا ساردەكە كە سەرچاوەكەی لە سیبیریاوە هاتووە، زیاتر شۆڕ ببێتەوە بۆ ناوچە نزمایی و دەشتاییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر هەیە بەفربارین بەشێكی زۆر لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك، ئیدارەی سۆران، راپەڕین، زاخۆ، سلێمانی، هەڵەبجە، هەورامان، بەرزاییەكانی شوان، بانی مەقان، قەرەهەنجیر، بەرزاییەكانی كەسنەزان، شەقڵاوە، كۆڕێ، پیرمام، كۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، كەركووك، چیای شنگال و بەشێك لە ناوچەكانی گەرمیان بگرێتەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە پێشبینیش دەكرێت پلەكانی گەرما بۆ سفر پلەی سیلیزی دابەزێت.