لقی 11 وەڵامی ئەنوەر قەرەداخی دەداتەوە

:: AM:09:59:25/12/2025 ‌
لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی قسەكانی هونەرمەند ئەنوەر قەرەداخی دەداتەوە و رای دەگەیەنێت، ئەنوەر قەرەداخی پێشتر ئاگادار بووە كە ئەو بۆنەیەی تێیدا بەشداری دەكات حزبییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی كانوونی یەكەم، لقی 11ی پارتی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، دوای نیوەڕۆی 23ی كانوونی یەكەم، ئاهەنگێكمان بۆ كادر و جەماوەری پارتیمان لە سنووری ڕاپەڕین ڕێكخست، بە بۆنەی تەواوبوونی هەڵبژاردن بە هێمنی و سەرخستنی لیستی پارتیمان.

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە، تیپێكی ڕۆژهەڵات كە بەشداریی لایەنی موزیكیان كرد، داوای بانگهێشتی مامۆستا ئەنوەر قەرەداخییان كرد. ئێمە گوتمان ڕەنگە ئارەزووی بەشداری بۆنەی حزبیی نەبێت، بەڵام دوای گفتوگۆ و داكۆكیی تیپەكە، ڕۆژی پێش ئاهەنگ بەرپرسی لق بەتەلەفۆن دوای پێدانی زانیاری ئاهەنگەكە، بە مامۆستا ئەنوەری ڕاگەیاندبوو كە خۆشحاڵ دەبین بە بەشداریی بەڕێزیان، بەڵام چونكە ئاهەنگەكە پێوەستە بە جەماوەری پارتی، نامانەوێ بەڕێزیان تووشی هەر جۆرە ئیحراجییەك بكەین.

ئەوەش هاتووە، وەڵامی ئەنوەر قەرەداخی ئەوە بوو كە من موڵكی هەموو كوردم، بۆیە ئامادە دەبم. بەڕێزەوە لە بارەگای لقی 11 پێشوازییان كرد و نان و نمەكێكی پێشمەرگانەمان پێكەوە كرد، دواتر لە ناو ئاپۆرای جەماوەر كە زۆربەیان بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگە و كەسایەتی بوون، خەڵاتێكی ڕێزلێنانمان پێشكەش كرد.

لە كۆتاییدا لقی11ـی پارتی دەڵێت، ڕوونكردنەوەكەی مامۆستا ئەنوەر بۆ ئێمە موفاجەئە نەبوو، چونكە نیو سەعات پێش بڵاوكردنەوەی ڕوونكردنەوەكەیان، قسەی لەگەڵ هەڤاڵ كرمانج بەرپرسی لق كردبوو.



وشە - رامیار جەواد