بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، سبەی شەپۆلێکی باران و بەفر ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن.
ئەمڕۆ هەینی 26ی کانوونی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری کەمێک نمەباران لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم (هەڵەبجە و هەندێک ناوچەی سلێمانی) هەیە، لەگەڵ ئەگەری بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەموو 27/12/2025، کەشناسی ڕوونی کردووەتەوە کە بەگشتی ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت.
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە نیمچەبەرزەکان، تێکەڵەی باران و وردەبەفر (کڕێوە) ببارێت و کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ ڕۆژانی دواتریش بەردەوام بێت.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما بۆ سبەی، پێشبینی دەکرێت بە نزیکەی دوو تا چوار پلە نزمتر بێتەوە بەراورد بە ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 12 پلە
سلێمانی: هەشت پلە
دهۆک: نۆ پلە
زاخۆ: نۆ پلە
کەرکووک: 12 پلە
هەڵەبجە: حەوت پلە
سۆران: شەش پلە
گەرمیان: 13 پلە