دادگاییكردنی هەردوو نووسەر حەمەسەعید حەسەن و یونس راوی، كاردانەوەی زیاتری لێ كەوتووەتەوە و كۆمەڵێك نووسەر، رۆژنامەنووس و هونەرمەند بەیاننامەیەكیان دژی دادگاییكردنی نووسین بڵاو كردەوە.
لە بەیاننامەكەدا كە وێنەیەكیان بۆ "وشە" ناردووە و بەهۆی نووسینەكانیانەوە، هەردوو نووسەری دیار حەمەسەعید حەسەن و یونس راوی، بڕیارە بەچنە بەردەم داگا كە ئیسلامییەكان سكاڵایان لە دژیان تۆمار كردووە.
لە بەیاننامەی ئەو نووسەرانەدا هاتووە، لە چەند لایەكەوە ئیسلامییەكان لەسەر وشە و ڕوانگەی جیا، لەسەر بیری ئازاد و پێشكەوتنخواز، داوایان لەسەر هەردوو نووسەر و ڕووناكبیری كورد (حەمەسەعید حەسەن) و (یونس ڕاوی) تۆمار كردووە و بانگهێشتی دادگا دەكرێن.
"ئێمەی رۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەندان، ئەمە بە پەلامار و هێرش بۆ سەر فەزای ئازاد و بیركردنەوەی ئازاد و دید و ڕوانگەی ئازاد دەزانین، ئەم هەوڵەش بە لێدانی تیر لە جەرگی ئازادی دەزانین و بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە هەردوو نووسەری هێژامان دەكەین و رەتی دەكەینەوە كەس لەسەر بیروڕا دادگایی بكرێت". لە بەیاننامەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو.
هاوكات یەكێتیی نووسەرانی كورد - لقی سلێمانی، نیگەرانی و قبووڵنەكردنی فەزای دەمكوتكردن و ڕێگریی لە دەربڕینی ئازادانەی نووسەران لە ڕای خۆیان، دەخاتەتە بەردەم ڕای گشتی.
پێی وایە ئەم هەوڵانە بە ئامانجی بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكانە لە هەرێمی كورستان و ئێمە تەواو هاوڕاین لەسەر ئەو میتۆدەی كە دەبێت قەڵەم بە قەڵەم و ڕا بە ڕا وەڵام بدرێتەوە نەك بە ترس و هەڕەشەی بێدەنگ كردن و دەستبردن بۆ ئارامیی ژیانی نووسەران.
یەكێتییەكە دەڵێـت: وەك چۆن لە ڕابردوودا، بەرۆكی شاعیری بەڕێز (قوبادی جەلیزادە)یان گرت، ئەمڕۆ نووسەرانێكی دی دووچاری هەمان هەڕەشە دەبنەوە، لەوانەش (حەمەسەعید حەسەن و یونس ڕاوی.) ئێمە داواكارین كە یاسا سەروەر بێت بەسەر هەموواندا و نەبێتە مەیدانی پێشێلكرددنی مافە سەرەتاییەكانی نووسەران.