بە فەرمانی ئیدارەی گشتیی یەكێتی، كۆمپانیایەك كە تایبەتە بە پشكنینی خاڵە سنوورییەكان و پێشتر موڵكی بزووتنەوەی گۆڕان بووە، گواسترایەوە سەر ئیدارەی گشتیی یەكێتی، كۆمپانیاكە ناوی " ل.ئـ" بوو و بووە بە كۆمپانیای "ر.هـ".
ئەمڕۆ شەموو 27ی كانوونی یەكەم، سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی را گەیاند، كۆمپانیای "ل.ئـ" بۆ پشكنینی خاڵە سنوورییەكان كە پێشتر موڵكی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، دواتر لەلایەن ئیدارەی گشتیی یەكێتی دەست بەسەر كۆمپانیاكەدا گیرا و پشكێكی كەم دەدرا بە كوڕانی نەوشیروان مستەفا.
سەرچاوەكە دەڵێ، بەر لە سێ مانگ، نما نەوشیروان پێوەندیی بە بافڵ تاڵەبانی دەكات و داوای گەڕانەوەی خاوەنداریی كۆمپانیای "ل.ئـ" دەكات، بەڵام لەلایەن بافڵەوە وەڵامی نادرێتەوە، ئەو بڕە داهاتەی لە ڕێگای پشكنین لە خاڵە سنوورییەكان دەستی دەكەوێت ناگەڕێنریتەوە بۆ كۆمپانیا، ئەمەش بووە هۆی نەدانی مووچەی زیاتر لە 60 ڕۆژی كارمەندەكان.
ناوەڕاستی ئەمساڵ، بە بڕیاری ئیدارەی گشتیی یەكێتی كۆمپانیای "ل.ئـ" خرایە سەر كۆمپانیای "ڕ.هـ" و سەرجەم لۆگۆ و ناوەكانی كۆمپانیاكە لێكرایەوە و گۆڕدرا، دواتر كۆبوونەوەیان لەگەڵ كارمەندەكانی ناو ئۆفیسی كۆمپانیای "ل.ئـ" كردووە و ئاگاداریان كردوونەتەوە كە ئێستە كەس نانێرینە ماڵەوە، ئەوەی دەیەوێت لەم كۆمپانیایە بمێنێتەوە دەبێت نووسراوی پشتگیری مەڵبەند و كۆمیتەی هەبێت.