بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما، ئەمشەو لە حاجی ئۆمەران پلەی گەرمی دەبێتە -12، بەڵام لە مۆسكۆ كە یەكێكە لە شارە بەفراوییە ساردەكانی دنیا دەبێتە -5.
ئەمڕۆ یەكشەم 28ـی كانوونی یەكەم، رێبوار پیرانی مامۆستای زانكۆ لە توركیا، بە "وشە"ـی راگەیاند، سارد و بەفری ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان زووتر لە كاتی خۆیدا دەستی پێ كرد.
زیاتر گوتی، ساڵانە لەم كاتەدا بەفر لە سەرووی 1800 مەتری دانەبەزیبوو، بەڵام ئەمساڵ بەفر تا ئاستی هەزار مەتری هاتووە، پلەی گەرمیی ئەمساڵیش لەگەڵ ساڵانی رابردوو زیاتر دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوكات باسی لەوە كرد، دابەزینی پلەكانی گەرما مانای وایە كە بارینی بەفر و بارانی تریش هەیە لە ناوچە چیاییەكان و تا دامێنی گردەكانیش دێت.
هاوكات بەپێی پێشبینییەكان، ئەمشەو لە حاجی ئۆمەران پلەی گەرمی دادەبەزێت بۆ -12، بەڵام ئەمشەو لە مۆسكۆی پایەتەخی رووسیا دادەبەزێت بۆ -5، ئەمەیش مانای وایە حاجی ئۆمەران حەوت پلە مۆسكۆ ساردترە.