بەفر و بارانی دوێنێ‌ دوو بەنداوی سەررێژ كردووە

:: AM:09:12:29/12/2025 ‌
بەهۆی بەفر و بارانی دوێنێ‌ دوو بەنداو لە هەرێمی كوردستان سەررێژ بوونە، پێشبینیش دەكرێت تا تەواوبوونی وەرزی زستان ژمارەی ئەو بەنداوانە زۆر زیاتر بێت.

ئەمڕۆ دووشەم 28ـی كانوونی یەكەم، سەردار كانەبی پسپۆڕی سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سەعات 12ـی شەوی رابردوو بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان سەررێژ بووە.

زیاتر گوتی، بەفر و باران ئاوی بەنداوەكانی زۆر زیاد كردووە، پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی مانگی یەك چەند بەنداوێكی تر سەررێژ ببن.

بەنداوی دێوانە دەكەوێتە باشووری شارۆكەی دەربەندیخان، 42 مەتر بەرز و 260 مەتر پانە، تێچووی دروستكردنی 24 ملیار دینار بووە و توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، لە 2010 بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە، تا ئێستە پێنج جار بە هۆكاری جیاواز كاركردن تیایدا وەستاوە، لە ساڵی 2013 بەهۆی شەپۆلێكی لافاوەوە خاپوور بوو، لە 2018 دووبارە دەستكرایەوە بە كاركردن تیایدا و لە 2019 بە بیانووی نەبوونی "گڵ"ی شیاو بۆ پڕۆژەكە، بۆ ماوەیەكی زۆر كاركردن تیایدا وەستایەوە، ئێستەیش زیاتر لە پێنج ساڵە تەواو بووە ئاوی تیادا گل دەدرێتەوە.

هاوكات بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بەنداوی تورەجاڕ لە كەلار / گەرمیان سەررێژ بووە.

بەنداوەكە لەسەر ڕووبەری 450 هەزار مەتردووجا دروست كراوە، بەرزییەكەی 17 مەترە، توانای گلدانەوەی 2 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە؛ كارەكانی بە ڕێژەی 100% تەواو بووە.

بەنداوی تووڕەجار، بۆ مەبەستی ئاژەڵداری، ئاودێری، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی سوودی لێ وەردەگیرێت و دەتوانێت سوودێكی زۆر بە هاووڵاتییانی دەڤەری گەرمیان بگەیەنێت.

لە هەرێمی كوردستان چەندان بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووك هەن، 23 لەو بەنداوانە تەواو كراون و 11 بەنداوی دیكەش لەژێر پرۆسەی جێبەجێكردندان، تەنیا لە كابینەی نۆ، شەش بەنداو: چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، ئاقووبان، شەوگێڕ، گۆمەسپان و بەستۆڕە تەواو كراون.



وشە - رامیار جەواد