بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی سلێمانی ئاماری مانگی ڕابردووی بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، بڕی بارانبارین سێ هێندەی تێکڕای ساڵانی ڕابردوو بووە، هاوکات کەشناسیی هەرێمیش پێشبینی دەکات ئەمشەو کۆتایی بە شەپۆلە بارانبارینەکەی ئێستە بێت.
ئەمڕۆ هەینی دووی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا داتاکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2025ی خستە ڕوو. بەپێی داتاکان، بڕی بارانبارین لەو مانگەدا گەیشتووەتە 308.3 ملم، کە دەکاتە نزیکەی سێ هێندەی تێکڕای بارینی ساڵانەی مانگی کانوونی یەکەم لە ساڵانی ڕابردوودا.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، ئاماژە بەوە دراوە کە تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگی ڕابردوودا 8.5 پلەی سیلیزی بووە، کە بەراورد بە ساڵانی پێشوو 0.5 پلە ساردتر بووە. نزمترین پلەی تۆمارکراو (5-) پلە و بەرزترینیش 21 پلە بووە.
لەلایەکی ترەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ئەمڕۆ هەینی شەپۆلی بارانبارین لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران بەردەوام دەبێت و لە ناوچە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت.
کەشناسیی هەرێم ڕوونی کردووەتەوە، لە کاتەکانی شەودا کۆتایی بەم شەپۆلە دێت و کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە، بەڵام پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو یەک تا دوو پلە نزم دەبنەوە.