گەیشتنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ نزیكەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی كە دەكاتە نزیكەی 70%ـی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەستكەوتی ساڵی 2025 بوو، 80%ـی هاوووڵاتییانیش پێوەری زیەرەكیان بۆ بەستراوە.
ئەمڕۆ شەموو سێی كانوونی دووەم، پڕۆژەی رووناكی بڵاوی كردووەتەوە، گەیشتنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ نزیكەی 4.5 ملیۆن هاووڵاتی، دەكاتە نزیكەی 70%ـی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان كە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی سوودمەندن.
ئاماژە بەوەش كراوە، لە چوارچێوەی ئەم هەنگاوەش سەنتەری هەردوو شاری سۆران و زاخۆ، كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین دەكرێت لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناكی و ئامادەكارییەكان دەستیان پێ كردووە بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام، لە ئیدارەی ڕاپەڕینیشدا 135 هەزار هاووڵاتی سوودمەند بوون.
روونكراوەتەوە، لە ئێستەدا 80%ـی هاووڵاتییان پێوەری زیەرەكی كارەبان بۆ بەستراوە، بەستنی ئەو پێوەرەش بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتییە بۆ هاووڵاتییان.
بەهۆی پڕۆژەی ڕووناكی نزیكەی 3,700 موەلیدەی گازوایل لە گەڕەكەكان كوژێنراونەتەوە كە دەكاتە زیاتر لە 50٪ی كۆی گشتی موەلیدەكانی كوردستان، تا كۆتایی ساڵی 2026 حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 موەلیدە بكوژێنێتەوە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان تا كۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریشدا ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكۆی دەنگ بڕیاری پەسندكردنی پڕۆژەكەی دەركرد.