سبەی داواكاری بۆ بوونە سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت و چەندان كاندیدی نوێ‌ دەركەوتن

:: AM:11:22:04/01/2026 ‌
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق تا ئێستە كێبەركێ‌ هەیە، بەڵام بەشێوەی فەرمی تا ئێستە چەند كەسێك فۆرمەكەیان وەرگرتووە، بەڵام نەیانگەڕاندووەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری كانوونی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تا ئێستە 25 فۆرم بۆ پێشكەشكردنی بوون بە سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن لایەنە سیاسییەكان وەرگیراوە.

ئەوەش زانراوە، تا ئێستە هیچ لایەنێك بەفەرمی ئەو فۆرمەی نەگەڕاندووەتەوە، هەروەها لەناو ئەو كەسانەی داوای ئەو فۆرمەیان كردووە جگە لەلایەنە سیاسییەكان، كەسانی سەربەخۆ و ئۆپۆزسیۆنیشی تێدایە.

ئەوەش زانراوە، حزب هەیە داوای سێ‌ فۆرمی كردووە بۆ ئەوەی ناو پێشكەش بكات، هەروەها جگە لەلایەنی كوردی، چەند كەسێكی عەرەبیش فۆرمیان وەرگرتووە.

هاوكات یەكگرتوو سوورە لەسەر كاندیدكردنی موسەنا ئەمین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمەش تا دێت وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن یەكێتییەوە قورس دەبێت، لە كۆتا پێشهات یەكێتی نیگەرانە لە كاندیدبوونی موسەنا ئەمین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

بۆ ئەو پرسە ئەمڕۆ بڕیار وایە شاندێكی باڵای یەكگرتوو بچێتە بەغدا تا نووسراوی كاندیدبوونی دكتۆر موسەنا ئەمین ڕادەستی پەرلەمانی عێراق بكەن.

بە ئەگەرێكی زۆر لەناو یەكێتیدا لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ نووسراوی خۆبەربژێركردنی دەداتە پەرلەمانی عێراق، ئەو وەك كاندیدی سەربەخۆ نووسراوەكە پێشكەشی پەرلەمان دەكات.


وشە - رامیار جەواد