ئەمەریكا لە ساڵوەگەڕی سوپای عێراقدا ستایشی پێشمەرگە دەكات

:: AM:11:59:06/01/2026 ‌
باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی سوپای عێراق، پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ بەردەوامبوون لە كاركردن لەگەڵ پێشمەرگە و سوپای عێراق دووپات كردەوە.
 
باڵوێزخانەكە كە بارەگاكەی لە بەغدایە، ئەمڕۆ سێشەم شەشی كانوونی دووەم، پیرۆزبایی 105 ساڵەی لە سوپاكە كردووە و لە پەیامێكدا، ستایشی خزمەت و قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی تری عێراقی كردووە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەمەریكا ددان بە رۆڵی گرنگی ئەو هێزانەدا دەنێت لە بەدەستهێنانی سەركەوتنی سەختی بەرەكانی شەڕ بەسەر داعش و لە پشتیوانیكردنی عێراقێكی سەقامگیردا.

ئەمڕۆ سێشەم لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق، وەك هەموو ساڵێك ساڵوەگەڕی دامەزراندنی سوپا دەكرێتەوە، بەم بۆنەیەوە دەوامی فەرمی لە داودەزگا حكوومییەكان و قوتابخانەكان راگیراوە و كراوەتە پشوو، بەڵام ئەم پشووە هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز