بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەكانی سەربە وەزارەتی پەروەردە، بڕیارێكی نوێی بۆ خوێندنی تەواوی پەرتووكەكان دا و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەكان پێوەی پابەند دەكرێن.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی كانوونی دووەم، بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەكان، ئاراستەی پەروەردەی سەرجەم شارەكان كراوە و تێدا هاتووە، پێویستە پەرتووكەكانی وەرزی یەكەم تەواو بكرێن، پاشان دەست بكرێ بەخوێندنی پەرتووكەكانی وەرزی دووەم.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو بڕیارە سەرجەم قوتابخانەكان دەگرێتەوە بە حكوومی و ناحكوومی، بۆیە درێژە بە خوێندنی وەرزی یەكەم بدەن.
لە بڕیارەكەدا هاتووە، هەر كاتێك كتێبی وەرزی یەكەم تەواو بوو، دەتوانن دەست بكەن بە كتێبی وەرزی دووەم.
ئەوە لە كاتێكدایە ساڵانە بەهۆی تەواو نەكردنی پرۆگرامەكانی خوێندن، زۆرجار لە پەروەردەكان ئەو بەشەی دەكەوتە خولی دووەم جێدەهێڵرا.