مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی رووداوەكانی حەلەب هاتە دەنگ و رای گەیاند، شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی هیچ كێشەیەك ناكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی كانوونی دووەم، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ڕووداوەكانی حەلەب و بە ئامانجگرتنی كورد لە پێناو گۆڕینی دیموگرافیی ناوچەكە و دروستكردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل، دەسەڵاتی دیمەشق و ویژدانی كومەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
دەشڵێت، شەڕ و توندوتیژی، چارەسەری بنەڕەتی هیچ كێشەیەك ناكات. هیچ بیانوو و پاساوێك نابێت ڕێگە بە پاكتاوی ڕەگەزی بدات. پەلاماردانی گەڕەگە كوردنشینەكانی شاری حەلەب، ئێمەی بە قووڵی نیگەران كردووە.
سەرۆكی حكوومەت لە پەیامەكەیدا رای دەگەیەنێت، هیوادارین هەموو لایەك ددان بە خۆیاندا بگرن و ژیانی هاووڵاتییان بپارێزن و بۆ چارەسەریی كێشەكان، پەنا بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ ببەن. هەروەها هیوادارین سیستمی حوكمڕانی ئێستەی سووریا لە ئاستی بەرپرسیاریەتیی دەسەڵاتێكی دیموكرات و گشتگیر بۆ هەموو خەڵكی سووریا بێت.