وەزیری رۆشنبیری بۆ هەسەدە: بەر لەوەی لە حەلەب بشكێن بەرەیەكی تر بكەنەوە و بەتەمای هیچ وڵاتێك مەبن

:: PM:07:48:08/01/2026 ‌
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بەپەلە ئاراستەی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" دەكات و پێشنیار دەكات بەر لەوەی لە حەلەب تووشی شكست ببن، بەرەیەكی تری شەڕ لە دێرەزوور بكەنەوە.

ئەمشەو پێنجشەم هەشتی كانوونی دووەمی 2026، حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری، لە پەیامێكدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بۆ دۆخی كوردان لە حەلەب دەربڕی و ڕای گەیاند، هێرش و پەلاماری سوپای (شەرع) لەم زستانەدا بۆ سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و كوشتن و ئاوارەكردنی ژن و منداڵ، شەرمەزار و مەحكووم دەكەم.

وەزیری رۆشنبیری پێشنیارێكی سەربازی دەخاتە بەردەم سەركردایەتیی هەسەدە و دەڵێت، پێشنیارم ئەوەیە پێش ئەوەی لە حەلەب بشكێن، ئێوەش لە دێرەزوور یان هەر شوێنێكی گونجاوە، بەرەی شەڕیان لەسەر بكەنەوە.

لەبارەی هۆكاری ئەم پێشنیارەشەوە هۆشداری دەدات، بێگومان بن ئەگەر ئێوە لە حەلەب بشكێن، ئەوا ئەوان (سوپای حكوومەت) خەیاڵیان ئاسوودە دەبێت و یەكچاو دەبنەوە، ئەوکات هێرش و پەلامار بەگشتی بۆ سەر ئێوە دەست پێ دەكەن.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا حەمەی حەمەسەعید نووسیویەتی، پشت بە خۆتان ببەستن و بەتەمای هیچ دەوڵەت و كەس و لایەنێك مەبن بە هاناتانەوە بێت


وشە - پۆڵا مەحموود