ئەمڕۆ پێنجشەم، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، پێشوازیی لە شاندێکی بازرگانی و پیشەسازیی مێرسینی تورکیا کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ کردنەوەی هێڵی ئاسمانیی نێوان هەردوو شارەکە دەربڕی.
لە دیدارەکەدا کە محەمەد ساڵح چەلیک، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی مێرسین سەرۆکایەتیی دەکرد، وێڕای گەیاندنی سڵاوی پارێزگاری مێرسین، بە فەرمی بانگهێشتی ئومێد خۆشناویان کرد بۆ سەردانی شارەکەیان و پارێزگاری هەولێریش بانگهێشتنامەکەی قبووڵ کرد.
بەپێی راگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە پەرەپێدانی پێوەندییەکان و کارکردنی پێکەوەیی کرا، بەتایبەت پرسی کردنەوەی هێڵی ئاسمانیی نێوان هەولێر و مێرسین، لەو ڕووەوە پارێزگاری هەولێر هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی خۆی بۆ سەرخستنی ئەو هەنگاوە دووپات کردەوە.
ئومێد خۆشناو ڕوونی کردەوە، هەموو دەرگایەکی پارێزگای هەولێر کراوەیە بۆ هەر پڕۆژەیەکی بازرگانی و پیشەسازی لە نێوان هەردوولا، ئامانجی حكوومەتی هەرێمی کوردستانیش پەرەپێدانی ئەو کەرتانەیە، بۆیە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنوێنییەکان ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەکن بۆ ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە هەولێر کار بکەن.