د. شاخەوان عەبدوڵا وەڵامێكی كەمەرشكێنی بافڵ تاڵەبانی دایەوە

:: PM:11:15:17/01/2026 ‌
د. شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری عێراق/پارتی/ وەڵامی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی دایەوە، كە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی، ناوی ئەوی هێنا بوو. 

د. شاخەوان عەبدوڵا نووسیویەتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە كرد، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە دوو كاندید دەچینە پەرلەمان ئەو كاتیش لە كاك شاخەوان بپرسن چی دەبێت، منیش دەڵێم ئەگەر مەبەستت پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانە، پارتی سەركەوتوو بوو لەوەی جارێكی تر پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێتەوە، ئەگەر مەبەستت ئەوەیە تۆ نەتهێشتووە من ببمەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە مەشدا هەڵەی، چونكە لە بەغدا یاریكەر نیت بەڵكو یاری پێ كراوی.

روونیشی كردەوە كە "هەر ئەو كەسەی  ئەمری بە تۆ "بافڵ" كرد دەنگ بە من نەدەن و هەرئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری یەكەمی دەستنیشان كرد لە دەرەوەی پەرلەمان، داوای لە ئێمەش كرد بڕۆین چایەكی لا بخۆینەوە، بەڵام ڕەتمان كردەوە، چونكە ئێمە پەروەردەی ڕێبازێكین وا فێركراوین بۆ پارێزگاری لە خەڵك و خاكی كوردستان جگە لە خودای گەورە پشت بە ڕەوایەتی و خەبات و قوربانی گەلەكەمان ببەستین و بڕیار و ڕاسپاردەش تەنیا لە سەرۆك و ڕابەرمان وەرگرین، نەك وەك خەڵكی تر لەژێر ترس و هەڕەشە مەوقفیان بگۆڕن و بچنە بەرەیەكی دۆڕاوە".

"لە رۆژی 29 و 30ی مانگ، وێڕای ئەو هەموو پیلانگێڕی و هەڕەشانە، نەك دوو خولەك بەڵكو 10 خولەكی تریش هەڵبژاردن ئەنجام بدرایا ئێمە نەدەدۆڕاین، بەڵام بە كشانەوەی من تەواوی پیلانگێڕییەكە لە گۆڕ نراو، ئەو پۆستە لە دەستێكی ئەمیندا مایەوە كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە" د. شاخەوان عەبدوڵا وای نووسیوە. 
 
لە كۆتایشدا دەڵێ‌، خۆ ئێوە لە هەڵبژاردنی مانگی 11یش لە كەركووك هەوڵێكی زۆرتان دا ئێمە سەرنەكەوین بۆ پەرلەمان، بەڵام خەڵكی كەركووك تەنانەت بەشێك لە یەكێتییەكانیش بڕیاری خۆیان داو پشتگیری ئێمەیان كرد، لە كۆتاییدا خۆشحاڵم بەردەوام ئێمەتان لە یادە.


وشە - وشه‌