محەمەدی حاجی مەحموود: ئەوەی لە رۆژئاوا رووی دا 16ی ئۆكتۆبەرێكی تر بوو

:: AM:08:28:19/01/2026 ‌
محەمەد حاجی مەحموود ڕای گەیاند، بەداخەوە ئەوەی لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستاندا ڕووی دا، 16 ئۆكتۆبەرێكی تر بوو، بەڵام هێز و گەورەیی سەرۆك بارزانی مەترسییەكانی كەم كردەوە.
 
محەمەد حاجی مەحموود ڕای دەگەیەنێت، كۆبوونەوەكەی پیرمام بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی و مەزڵووم عەبدی و ئەنەكەسە لەلایەك و تۆم باراك لەلایەكی تر، هێز و توانای كورد و سەرۆك بارزانی پێشان دا، ئەگەر ئەو كۆبوونەوە و هەوڵانەی پیرمام نەبوایە كارەساتەكە گەورەتر دەبوو.

محەمەد حاجی مەحموود ئەوەشی گوتووە، بەداخەوە ئەوەی لە سووریا و ڕۆژئاوای كوردستاندا ڕووی دا، لە ئاست داواكاری و خواستی كورددا نەبوو، جارێكی تر كوردیان تووشی هەمان ئەنجامی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كردەوە.

لەبارەی ڕێككەوتنی نوێی نێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی دیمەشق بۆ وەستاندنی شەڕ و تێكەڵبوونی هێزەكانی هەسەدە بە دامەزراوەی سەربازیی سووریا، محەمەد حاجی مەحموود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە.

باسی لەوەش كرد، ئەو رێككەوتنە هیچ گەرەنتییەك بۆ جێبەجێكردن و بەدەستوور و یاساییكردنی ئەو بەڵێن و مافە كەمانەش نییە كە لە مەرسوومەكەدا هاتووە، ئەگەری پاشگەزبوونەوەشی لێ دەكرێت. بۆیە گرنگە گەرەنتی ئەم مافانە بە دەستوور و یاسا بكرێت.

 




وشە - سۆران عەزیز