وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سیستمی پەیرۆڵی بۆ تەواوی یەكە ژمێریارییەكان كارا كرد و پێویستە تا پێنجشەم لیستەكە تەواو كرابێت.
ئەمڕۆ سێشەم 20ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە "وشە" دراوە، بەیانی ئەمڕۆ سیستمی پەیرۆڵ كارا كرا و ئێستە یەكە ژمێریارییەكان سەرقاڵی ئامادەكاری لیستی مووچەی مانگی یەكن.
ئەوەش زانراوە دەبێت لە ماوەی 48 سەعاتدا لیستەكە تەواو كرابێت و بۆ گەنجیەنە گەڕابێتەوە، بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەم لیستەكە تەواو كرابێت.
هاوكات ئەوەش زانراوە مووچەی مانگی یەك هیچ كێشەیەكی تێدا نییە و لە كاتی خۆیدا رەوانە دەكرێت، چونكە بڕیارە لە سبەینێوە بەغدا دەست بە تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بكات، لەو چوارچێوەیشدا دوای گەیشتن لیستی مووچە و 120 ملیار دینارەكە، مووچەی كوردستان رەوانە دەكرێت.
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، مووچە هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەبووە و وەك مانگەكانی پێشوو لە كۆتایی مانگدا رەوانە دەكرێت.
لەبارەی مووچەی دوو مانگی ساڵی ڕابردوو، فارس عیسا گوتی، ئەو مووچانە بە بیانووی جۆراوجۆر و سیاسیی نەنێردران، بەڵام ئێستە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و ئەو مووچانە بە میكانیزمێك رەوانە بكرێن.
لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا، دووپات لەوە كرایەوە كە شاند راسپێردراون بەردەوام بن لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ رەوانەكردنی تەواوی مووچەكان.