سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئازەربایجان كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزتركردنی پێوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، بەتایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ئەمڕۆ سێشەم 20تی كانوونی دووەم لە داڤۆس، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆك كۆماری ئازەربایجان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزتركردنی پێوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، بەتایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
سەرۆك عەلیێڤ ئاماژەی بە پێوەندیی لە مێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی ئازەربایجان و كوردستان كرد، بانگهێشتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ سەردانكردنی باكۆ و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ كردنەوەی كونسوڵگەی گشتیی ئازەربایجان لە هەولێر دەربڕی.
سەرۆكی حكوومەت خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ پتەوكردنی هاریكاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئازەربایجان دووپات كردەوە.
دۆخی گشتیی ناوچەكە و بەتایبەتی پەرەسەندنەكانی سووریا، بەشێكی تری گفتوگۆكان بوو. لەمبارەیەوە سەرۆكی حكوومەت نیگەرانیی خۆی لەبارەی شەڕ و پەرەسەندنە سەربازییەكان دەربڕی.