مامۆستایەكی ئاینی بۆ عەلی قەرەداغی: تۆ كورد نیت و هەرگیز جێی شانازی نی

:: PM:06:29:20/01/2026 ‌
مامۆستایەكی ئاینی لە هەولێر، وەڵامی عەلی قەرەداغی دەداتەوە كە ئەمڕۆ لەبارەی دۆخی رۆژئاوای كوردستان دڵی كوردی رەسەنی شكاند و پشتیوای بۆ حكوومەتی كاتی سووریا پێشاندا. لە كاتێكدا گرووپە چەكدارەكانی ئەو حكوومەتە هەوڵی لەناوبردنی كورد لە رۆژئاوا دەدەن. 

ئەمڕۆ سێشەم 20ی كانوونی دووەم، فكری سیتكانی مامۆستای ئاینی لە هەولێر، وەڵامی عەلی قەراغی دایەوە و بۆ "وشە" گوتی، سەرۆكی زانایانی ئیسلامی جیهانی ئەگەر لەكاتێكی وا دا بەرگری لە نەتەوەكەی نەكات ئیتر چاوەڕوانی هیچی لێ‌ ناكرێ‌.
 
ئەو مامۆستا ئاینییەی هەولێر  روونی كردە عەلی قەرەداغی و گوتی، ئەوكاتەی نەتەوەكەت كۆمەڵكوژ كرا هەبوونی تۆ چ واتایەكی هەیە، زۆر عەیبە لە پۆستێكی وا كاریگەربیت و بەرگری لە نەتەوەی خۆت نەكەی، لەكاتێكدا دوژمن بەناوی دین و ئەنفال بەربوونەتە گیانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان. 

هەروەها دەڵێ‌، عەلی قەرەداغی لەمڕۆوە هیچ جێگای شانازی نییە و پێویستە ئیتر خۆی بە كورد نەزانێ‌، كاتێك لەگەڵ كورددا نییە. 

جێی بیرهێنانەوەیە كە عەلی قەرەداغی ئەمڕۆ بەهۆی لێدوانێكەوە دڵی سەتان كوردی رەسەنی شكاند و رای گەیاند، ئەو پشتیوانی ئەحمەد شەرع دەكات بۆ شەڕكردن لەگەڵ هەسەدە. 



وشە - وشه‌