راگەیەنراوێكی بەپەلە لە نێچیرڤان بارزانییەوە: مافی كورد لە سووریا پارێزراو بێت

:: PM:06:33:20/01/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رای گەیاند، پێویستە مافی كورد و تەواوی پێكهاتەكان لە سووریا پارێزراو بن و لە دەستووری داهاتووی سووریادا مسۆگەر بكرێن. 

لە راگەیەنراوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتووە، هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەكانەوە بەردەوام لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا لە پەیوەندیداین بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێكدادان و گرتنەبەری گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەپێناو چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكاندا. دووپاتی دەكەینەوە كە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

ڕاگەیەندراوێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە


ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە نیگەرانییەكی زۆرەوە لە بەردەوامیی پێكدادان و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی نێوان هێزەكانی سوپای سووریا و هەسەدە دەڕوانین. بەردەوامیی شەڕ و پێكدادان هەڕەشەیەكی جددی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی سووریا و ناوچەكە بەگشتی دروست دەكات و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش دەهێنێتەوە ئاراوە. 

هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئاڵۆزییەكانەوە بەردەوام لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا لە پەیوەندیداین بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێكدادان و گرتنەبەری گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەپێناو چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكاندا. دووپاتی دەكەینەوە كە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی، هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

داوا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكەین ئەركی خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش جێبەجێ بكات، هەروەها دووپاتی دەكەینەوە كە ئامادەی پێشكەشكردنی هەموو هاوكاری و یارمەتییەكین‌‌ بەمەبەستی ڕاگرتنی شەڕ و گەیشتن بە ئاگربەست و ڕێككەوتن. جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە مافی كورد و تەواوی پێكهاتەكان لە سووریا پارێزراو بن و لە دەستووری داهاتووی سووریادا مسۆگەر بكرێن. 
 

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2026/1/20



وشە - سه‌رخێڵ هاشم