ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، تاكە هاوكێشەی ڕزگاری تێپەڕاندن و تێكشكاندنی ئەو سنوورە دەستكردانەیە؛ كات كاتی ئەوەیە بیسەلمێنین كە لە فەلسەفەی مانەوەی ئێمەدا 2+2=1. بۆیە كورد نابێت چیتر بە "كەمتر لە دەوڵەت" ڕازی بێت.
ئەرمِۆ سێشەم 20ی كانوونی دووەم، حەسیبە گەردی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ێ راگەیاند، كاتێك بازرگانانی جەنگ لەناو تەڵەی پەیمانە شوومەكانی وەك "لۆزان"دا خەریكی دابەشكردنی میراتی جیهان بوون، جەستەی زیندووی كوردستانیان بە خەنجەری دابەشكاری لەت كرد و كوردیان لە چوارچێوەی سنوورە دەستكردەكاندا كردە دیلی دەوڵەتە داگیركەرەكان.
روونیشی كردووەتەوە كە لۆزان تەنیا پەیمانێكی لە سەر كاغەزێك نووسراو نەبوو، بەڵكو قفڵێك بوو لە دەرگای ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیەكی ڕەسەن درا، تا كورد لە زیندانی چوار دەوڵەتدا بمێنێتەوە.
گەردی ئەوەیشی گوت، نەتەوەی كورد ڕووبەڕووی دوا قۆناغی "پڕۆژەی قڕكردنی مێژوویی" دەبێتەوە، ئەوەی لە هەر چوارپارچە دەگوزەرێت، دەیسەلمێنێت كە مۆدێلە سیاسییەكانی وەك "فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی" لەبەردەم عەقڵییەتی شۆڤێنی داگیركەراندا شكستیان هێناوە.
ئەو پێی وایە كە تاكە هاوكێشەی ڕزگاری تێپەڕاندن و تێكشكاندنی ئەو سنوورە دەستكردانەیە؛ كات كاتی ئەوەیە بیسەلمێنین كە لە فەلسەفەی مانەوەی ئێمەدا 2+2=1. بۆیە كورد نابێت چیتر بە "كەمتر لە دەوڵەت" ڕازی بێت. وەك ئەركێكی مێژوویی، كاتی ئەوە هاتووە لە وەهمی پاشكۆیەتی ڕابچڵەكێین و تەنها بە "سەروەریی ڕەهای دەوڵەتی" ڕازی بین، چونكە بەبێ بوونی دەوڵەت، نە مێژوو بەزەیی پێماندا دێتەوە و نە جیهان دانمان پێدا دەنێت،.