هەسەدە: چەكدارانی سووریا پابەندی ئاگربەست نین

:: PM:05:39:21/01/2026 ‌
لە كاتێكدا لە شەوی رابردووەوە ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و حكوومەتی كاتیی سووریا بۆ راگرتنی شەڕ راگەیەنراوە، بەڵام هەسەدە كەمێك لەمەوبەر زانیاری ئەوەی بڵاو كردەوە، چەكدارانی حكوومەتی كاتیی سووریا پابەندی ئاگربەستەكە نین. 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" رای گەیاند، سەرەڕای چوونە واری جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاگربەست، بەڵام گرووپەكانی سەر بە حكوومەتی دیمەشق لە هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی جزیرە و كۆبانێ بەردەوامن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكەی هەسەدە، ئاگربەستەكە لە سەعات هەشتی ئێوارەی دوێنێوە دەستی پێ كردووە، بەڵام ئەو گرووپانە دوای ئەو كاتە زنجیرەیەك هێرشیان ئەنجام داوە.

هەسەدە روونی كردووەتەوە، هێرشی ئەو گرووپە چەكدارانە بۆ شارۆكەی زرگانی باكوری حەسەكە بووە و بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێك بە تۆپی قوورس تۆپباران كراوە. 

ئەوە لە كاتێكدایە كە نیوەڕۆی ئەمڕۆیش "وشە" بڵاوی كردەوە، لە دەوروبەری كۆبانێ‌ چەكدارانی حكوومەتی كاتیی سووریا هێرشیان كردووە.


وشە - وشه‌