بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، بەهۆی کاریگەریی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری، شەپۆلێکی بەفر و باران ڕوو لە ناوچەکە دەکات و لە هەندێک ناوچە ئاستی بەفربارین گەیشتووەتە 13 سانتیمەتر.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی 23/1/2026، ئاسمان بەگشتی هەوری باراناوی دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت و هەندێک کات تێکەڵەی وردەبەفر و باران دەبێت. هاوکات لە زۆربەی ناوچەکان پێشبینیی بەفربارین دەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی ئێوارە لەسەر ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنوورییەکان، پاشان بۆ شەو کەش ئاسایی دەبێتەوە.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، کەشناسی ئاماژەی بەوە داوە کە بەراورد بە دوێنێ، پلەکان بە نزیکەی چوار تا شەش پلە نزمتر دەبنەوە. مەودای بینین حەوت بۆ هەشت کیلۆمەتر دەبێت و لەو ناوچانەی بەفر دەبارێت، بۆ دوو کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.
بۆ سبەی شەموو 24/1/2026، ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. پلەکانی گەرمای سبەی، یەک بۆ چوار پلە بەرز دەبنەوە.
کەشناسیی هەرێم ئاماری بەفربارینی 12 سەعاتی ڕابردووی بڵاو کردەوە، کە تێیدا شارۆکەی "باتیفا" بە 13 سانتیمەتر زۆرترین ڕێژەی بەفربارینی لێ تۆمار کراوە و لە سەنتەری شاری سلێمانیش چوار سانتیمەتر باریوە.
ڕێژەی بەفربارین لە ناوچە جیاوازەکان بەم شێوەیە بووە:
باتیفا: 13 سم
قەرەداغ: 12 سم
تەوێڵە: 10.5 سم
یاخسەمەر: 10 سم
چەمچەماڵ: نۆ سم
پیرمام، سیتەک، تەکیەی کاکەمەند، چوارتا: هەشت سم
شقڵاوە: حەوت سم
پێنجوێن: 6.5 سم
تەکیەی جەباری، قڕگە: شەش سم
دەرکار، باتێل، شوان: پێنج سم
سلێمانی، بیارە: چوار سم
سەنگاو: دوو سم
زاخۆ، هەڵەبجە: یەک سم
دهۆک: 0.2 سم
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ هەینی:
هەولێر، چەمچەماڵ، زاخۆ، ئاکرێ: سێ پلەی سیلیزی
سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک: دوو پلەی سیلیزی
پیرمام، سۆران: یەک پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: -3 پلەی سیلیزی