حكوومه‌تى هه‌رێم 100 گه‌نجى ترى له‌ لیبیاوه‌ گه‌ڕانده‌وه‌

:: PM:10:02:23/01/2026 ‌
تا ئێسته‌ حكوومه‌ت به‌ پێنج كاروان 202 گه‌نجى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌
له‌ رۆژانى داهاتوو كاروانى شه‌شه‌مى گه‌نجان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راى گه‌یاند، له‌ درێژه‌ى هه‌وڵ و كۆششه‌كانى بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى گه‌نجان له‌ لیبیا كاروانى پێنجه‌م گه‌یشته‌وه‌ كوردستان كه‌ له‌ 100 گه‌نج پێكهاتووه‌ و حكوومه‌تى هه‌رێم دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ له‌ رۆژانى داهاتوودا شه‌شه‌م كاروان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 23ى كانوونى دووه‌م، كاروانێكى ترى ئه‌و گه‌نجانه‌ى به‌ ناوى رووكردنه‌ ئه‌وروپا رۆیشتبوون و له‌ لیبیا گیرا بوون، گه‌ڕانرایه‌وه‌ كوردستان. ماڵپه‌ڕى فه‌رمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، ژماره‌یان 100 كه‌سه‌ و زۆربه‌یان دانیشتووى سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕینن.

هه‌رێمى كوردستان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و گه‌نجانه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ رۆژانى داهاتوودا كاروانى شه‌شه‌م ده‌گه‌نه‌وه‌ كوردستان. 

له‌ راگه‌ینراوه‌كه‌ى حكوومه‌ت هاتووه‌، "حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 202 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان ڕزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە ئێستاشدا تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ناو خاکی لیبیان و بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ ڕزگارکردن و هێنانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی تری کە هێشتا لەوێ ماون و بارودۆخی ژیان و تەندروستییان لە مەترسیدایە"

هه‌روه‌ها حكوومه‌تى هه‌رێم هۆشدارى به‌ گه‌نجان و كه‌سوكاریان ده‌دات و ده‌ڵێ، " جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستی و گرنگیی خۆپارێزیی گەنجان و خانەوادەکانیان دەکاتەوە لە گرتنەبەری رێگەی کۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەرووی ئەم گەنجانە بووەوە، کە هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەکانی مردن بوونەتەوە".

حكوومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ لیژنه‌یه‌كى باڵا و هاوبه‌شى پێكهێناوه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگییەکی چڕ و ورد لەگەڵ باڵیۆزخانەی کۆماری عێراقی فیدراڵ لە وڵاتی لیبیا.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل