لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەی سەرۆك بارزانی لەبارەی پارێزراویی كوردستان، سەرۆك بارزانی گوتی، بگەڕێنەوە بۆ كتێبی "بۆ مێژوو" لەوێ بەوردی باسی ئەوەم كردووە كە چۆن دەپارێزرێن.
سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا لەوبارەیەوە دەڵێت: ئامۆژگاریم بۆ هەموو تاكێكی كورد و هەموو سیاسییەكی كورد لە بابەتی مافە ڕەواكانی گەلەكەماندا ئەوەیە، كە هیچ كات پشتی خۆتان بە كەس گەرم نەكەن.
سەرۆك بارزانی ئەوەی گوتووە، جیهان، جیهانی بەرژەوەندییەكانە. ئەگەر بەرژەوەندییان لەگەڵ كورد بگونجێ، ئەوا دەبنە دۆست و ئەگەر بەرژەوەندییان نەگونجێ، پشتتان تێ دەكەن و ناتانناسن.
سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەدا ئامۆژگاریی كوردستانیان دەكات و دەڵێت: تەنیا پشت بە خودا و پشت بە خۆتان ببەستن. ئەگەر پێشمەرگەی خۆمان هەبێت و هێزی خۆمان هەبێت، كوردستان دەتوانێ خۆی بپارێزێت. ئەگەر بێهێز بین ناپارێزرێین و لەناویشمان دەبەن.
سەرۆك لە كتێبەكەیدا بەكورتی باسی مێژووی كوردستان دەكات كە چۆن دابەش كراوە، دواتر بە كورتی باسی شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كورد دەكا لە باشووری كوردستان، دژی دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، ھەر لە شۆڕشی یەكەمی بارزان و شۆڕشی شێخ مەحموود و شۆڕشی دووەمی بارزان و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان. تا دەگاتە باسی ڕاپەڕین لە ساڵی 1991، دواتر كتێبەكە باسی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق دەكات و چۆن كورد ڕۆڵی سەرەكی لە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا بینیوە.
سەرۆك بارزانی بابەتی سەرەكیی كتێبەكەی ئەوەیە كە كورد چۆن لە عێراق ھەوڵی داوە بە ئاشتی لە عێراقدا بژین، وەك چۆن پێشتر خۆیان ھەڵیانبژاردووە لەگەڵ عێراق بن. بەڵام دەسەڵاتەكانی عێراق ئەو ھابەشییەی كوردیان نەویستووە و ھەمیشە بە ھاووڵاتیی پلە دوو سەیریان كردووە. بۆیە كورد بە كۆی دەنگ بڕیاری دا لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 گشتپرسی سەربەخۆیی ئەنجام بدات.
دواتر كتێبەكە باسی ڕووداوەكانی دوای گشتپرسی دەكات، چۆن عێراق گومرگ و فڕۆكەخانەكانی ھەرێمی داخست، ئابڵۆقەی خستە سەر ھەرێمی كوردستان دواتر. باسی ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر یەكەم دەكات كە چۆن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە یارمەتی سوپای پاسداران و بە یارمەتی باڵێك لە یەكێتی، ھێرشیان كردە سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم و داگیریان كردن. دواتر بەوەوە نەوەستان و بوونە ھەڕەشە بۆ سەر قەوارەی ھەرێمی كوردستان، ھەر لەبەرئەوە پێشمەرگە لە پردێ پێشڕەوییەكانی حەشد و سوپای عێراقی ڕاگرت.
لە سەروبەندی ریفراندۆمدا عەلی باپیر لە سەرۆك بارزانی دەپرسێت، ئەم ئەركە زۆر قورسە بەڕێزت دەتوانی گەرەنتی جێبەجێكردنی بكەی؟
سەرۆك بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت: ئەگەر لە ناوخۆ تێكی نەدەن بەڵێ، واتە سەركەوتنی پرۆسەكەی گرێ دا بە یەكڕیزیی ناوماڵی كوردەوە.
لە كتێبەكەدا ئەوەی گرنگە هۆشیارییەكی گەورە لای هەمووان دروست دەكات كە نابێت بەتەنیا پشت بە وڵاتان ببەسترێت، وڵاتان بەپێی بەرژەوەندییان لە كاتێكی دیاریكراودا یارمەتیدەرن، بەڵام هەركات بەرژەوەندییەكە نەما، دەكرێ جێتبێڵن و هەموو ئەو شتانەش لەبیر بكەن كە تۆ بۆت كردوون.
هێنانە بەرباسی كتێبی بۆ مێژووی سەرۆك بارزانی لەم كاتەی رۆژئاوای كوردستاندا گرنگیی زۆری هەیە، چونكە كورد لەو پارچەیە دوای ئەوەی بەهۆی هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ ئەمەریكا و شەڕی داعش 15 هەزار شەهیدی داوە، بەڵام لەپڕ ئەمەریكا دەستبەرداریان بوو.