دوای هەوڵێكی زۆر بڕیارە ئەمڕۆ رێڕەوێكی مرۆیی بۆ كۆبانێ بكرێتەوە

:: AM:08:40:25/01/2026 ‌
بریارە ئەمڕۆ یەكشەم رێڕەوێك بەرەو كۆبانێ بكرێتەوە و رێكخراوە خێرخوازییەكان بەتایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان، هاوكارییەكانیان بگەیەننە كۆبانێ.

كۆبانێ كە ماوەی چەندان رۆژە بەشێوەیەكی قورس دورپێچێكی ئابووری  لەسەرە و ئاو و كارەبا و پێداویستی رۆژانەی لەسەر بڕاوە، خەڵكی شارەكە بەسەختی دەژین و پێداویستییە سەرەتاییەكان تەواو كەم بوونەتەوە و نەخۆشخانەكان بەرەو داڕمان دەڕۆن.

بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەم، نەتەوە یەكگرتووەكان دوای هەوڵێكی زۆر رێڕەوێكی مرۆیی بەرەو شارەكە بكاتەوە و پێداویستی سەرەتایی بگەیەنێتە خەڵك و نەخۆشخانەكان.

هاوكات دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندان رۆژە بەسەتان تۆن خۆراك و پێویستی ئامادە كردووە و چاوەڕێیە ئەو رێڕەوە بكرێتەوە و بەشێوەیەكی چڕ پێداویستی بگەیەنێتە خەڵكەكە.

كۆبانێ شارێكی كوردییە و دانیشتووانەكەی زیاترە لە 300 هەزار كەس و بەهۆی پەلاماری گرووپە چەكدارەكانی سەربە حكوومەتی كاتی سووریا، لە گوندەكانی چواردەوریشی 250 هەزار كەس ئاوارە بوون و روویان لە سەنتەری كۆبانێ كردووە.

 لە دوای ئازادكردنی كۆبانێ لە ژێردەستی دەسەڵاتی بەعس، بووە سیمبولی بەرگری و لەو شارەوە داعش تێكشێكنرا و كورد سەركەوتنی بەسەر خەلافەتی ئیسلامیدا راگەیاند، ئەو شارەی لە سەردەمی بەعسەكان ناو نرا عەین عەرەب و لە سەردەمی خەلافەتی داعشیش ناویان نا عەینول ئیسلام، بەڵام وەك كۆبانێی كوردان مایەوە و بەرگری و بەرخودانی بووە جێی سەرنجی دنیا، ئێستە شارێكی بێ پشت و پەنا ماوەتەوە و هەموو كورد چاویان لەوەیە جارێكی تر كۆبانێ لەو دۆخە تێپەڕێت.

لەسەر ئاستی باشووری كوردستانیش چەندان كەمپینی هاوكاری بۆ كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان رێكخراوە، چەندان تۆن خۆراك و پێویستی و پارەیەكی زۆریش كۆ كراونەتەوە و لەگەڵ كردنەوەی رێڕەوەكە، دەگەیەنرێنە كۆبانێ و قامیشلۆ و حەسەكە.

ئێستە بەهۆی گەمارۆكانی دەسەڵاتی نوێی سووریا، خەڵكەكە بەتەواوی لە ژیانێكی ئەستەمدان و لە دۆخێكی كارەساتباردا دەژین.



وشە - سۆران عەزیز