نێچیرڤان بارزانی: پشتگیری لە مالیکی دەکەین بۆ پێکهێنانی حكوومەتی نوێ

:: PM:09:17:25/01/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە نووری مالیکی کرد بەبۆنەی دیاریکردنی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم 25/1/2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نووری مالیکی ئەنجام دا، ئەوەش دوای ئەوەی وەک بەربژێری پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دیاری کرا.

لە پێوەندییەکەدا سەرۆکی هەرێم وێڕای دەربڕینی پشتگیری، هیوای خواست مالیکی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی داهاتوویدا سەرکەوتوو بێت بۆ پێکهێنانی حكوومەتێک کە ڕەنگدانەوەی خواست و چاوەڕوانییەکانی تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانی هەبێت.

لای خۆیەوە نووری مالیکی، سوپاس و پێزانینی بۆ پێوەندی و پیرۆزباییی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی.


وشە - پۆڵا مەحموود