پەروەردەی رۆژئاوا سوپاسی هەرێمی كوردستان دەكات

:: AM:09:13:26/01/2026 ‌
دەستەی پەروەردە و فێركردنی سەربە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاوای كوردستان، لە پەیامێكی فەرمیدا دەستخۆشی و پێزانینی خۆی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لە پای بڕیاری تەرخانكردنی وانەی یەكەمی ڕۆژی یەكشەمی سەرجەم قوتابخانەكانی هەرێم بۆ پشتگیریكردنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان.
پەروەردەی رۆژئاوا سوپاسی هەرێمی كوردستان دەكات


دەستەی پەروەردەی ڕۆژئاوا لە ڕاگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لەم قۆناغە هەستیار و مێژووییەدا، نیشانەی خاوەنداریكردنە لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە یەكێتیی گەلی كورد لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە. لە پەیامەكەدا دووپات كراوەتەوە كە "چارەنووسمان یەكە و سنوورە دەستكردەكان ناتوانن لە یەكمان داببڕن."

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا تیشك خراوەتە سەر دۆخی نالەباری ناوەندەكانی خوێندن لە ڕۆژئاوای كوردستان و تێیدا هاتووە، لە كاتێكدا دڵی قوتابیانی هەرێمی كوردستان لەناو پۆلەكاندا بۆ ئێمە لێدەدات، لە ڕۆژئاوا قوتابخانەكانمان بوونەتە پەناگە بۆ ئاوارەكان و قوتابیانمان لە خوێندن بێبەش بوون.

 ئاماژە بەوەش كراوە كە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە، بەتایبەت لە ناوچەكانی جەزیرە و كۆبانی، پرۆسەی خوێندن بە تەواوەتی وەستاوە و قوتابخانەكان كراونەتە كەمپی حەوانەوەی لێقەوماوان.

دەستەی پەروەردە و فێركردنی ڕۆژئاوا، وێڕای سوپاسگوزاری بۆ هەڵوێستی گەل و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، بە توندی ئەو شەڕە و "پرۆسەی قڕكردنەی" دژ بە گەلی كورد لە ڕۆژئاوا بەڕێوە دەچێت شەرمەزار كرد. لە كۆتایی پەیامەكەشدا هیوای سەركەوتن و ئاشتی بۆ گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان خواستووە.


وشە - رامیار جەواد