ئەمڕۆ دووشەم 26ی كانوونی دووەم، رێك 11 ساڵ بەسەر رزگاركردنی شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان تێدەپەڕێت. هێزی پێشمەرگە رۆڵی سەرەكی هەبوو لە رزگاركردنی شارەكە و بە چەكی قورس شەڕەكەی لە قازانجی كورددا یەكلا كردەوە.
وەك ئاشكرایە دوای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سووریا لە ساڵی 2014 و پاشان فراوانخوازییەكانی ئەو هێزە تیرۆریستییە، خاكی كوردستان چ لە باشوور و چ لە رۆژئاوا بووە ئامانجی تیرۆریستان، بۆیەش هێزەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان رووبەڕوویان بوونەوە.
تیرۆریستانی داعش لە هەر چوار لاوە گەمارۆی كۆبانێیان دا و دەیانویست بە تەواوی شارەكە داگیر بكەن، شەڕێكی قورس لە ئارادا بوو، بۆیەش پێشمەرگە بە پێویستی زانی بە هانایانەوە بچێت.
بۆ ماوەی 134 ڕۆژ شاری كۆبانێ كەوتەبەر هێرشی چەكدارانی داعش و لە سێ بەرەوە شارەكە گەمارۆ درابوو، بەوپەڕی هێز و خۆڕاگرییەوە ئەم شارە لە بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی داعشدا بوو، تا ئەوكاتەی بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان لە 28ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2014، یەكەمین كاروانی هێزەكانی پێشمەرگە بە چەكی ناوەندی و قورسەوە گەیشتنە شاری كۆبانێ .
كۆبانێ وەك هێمای بەرخودانی گەلی كورد بەرانبەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش، دوای 134 ڕۆژ لە بەرگریكردن و قوربانیدانی ڕۆڵەكانی كوردستان، توانرا هێرشی تیرۆریستان تێكبشكێنرێت و شاری كۆبانێ بەتەواوی پاك بكرێتەوە .
ڕۆژی 22/10/2014 لە پەرلەمانی كوردستان، بە كۆی دەنگ بڕیار درا هێزی پێشمەرگە ڕەوانەی شاری كۆبانێ بكرێت، بۆ پاراستنی خەڵكەكە و پاڵپشتیی شەڕڤانان لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش .
لە 22ی تشرینی یەكەمی 2014 لەسەر فەرمانی سەرۆك بارزانی، پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری پێشووی پێشمەرگە، بە كۆی دەنگ و گوتنەوەی سروودی "ئەی رەقیب"، بە دەنگی پەرلەمانتاران بڕیاری ژمارە 28 دەرچوو، بڕیار درا پێشمەرگە بچێتە كۆبانێ بۆ پشتوانیكردنی دانیشتووانی خۆڕاگری شاری كۆبانێ و شەڕڤانان .
بە رۆیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش، بەهۆی زیادبوونی بەهێزی بەرەی كوردان بە هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان و هێزی هاوپەیمانان، توانرا لە ماوەی سێ مانگدا شارەكە لە قۆناغی بەرگرییەوە بچێتە قۆناغی هێرشەوە، تا لە 26ی كانوونی دووەمی ساڵی 2015، توانیان ناوەندی شارەكە بە ڕزگاركردنی گردی كانی كوردان لە دەستی چەكدارانی داعش دەربێنن.
ئێستە دوای 11 ساڵ جارێكی تر كۆبانی گەمارۆ دراوە، بەڵام ئەمجارە گەلی كورد لە رێگەی هاوكاریی مرۆیی گەمارۆی سەر ئەو شارەی سووك كردووە.